چالاکوانێکى کورد: سێ لایەنی سیاسی لە هەرێم تێوەگلاون لە پشتیوانیکردن لە تاوانبارى ئەنفال نزار خەزرەجی

کوردستان

10/05/2022‌ 2290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چالاکوانێکى کورد لە دانیمارک رایدەگەیەنێت، کە سێ لایەنى کوردی لە هەرێمى کوردستان تێوەگلاون لە پشتگیرکردن و پاکانەکردن بۆ تاوانبارى ئەنفال نزار خەزەرجی و دەشڵێت" ئێستا پۆلیسى دانیمارک بەدوایدا دەگەڕێت بۆ ئەوەى دەستگیر بکات، چونکە ئەو تاوانبارى جەنگەو تاوانبارییشە بە کۆمەڵکوژیی لە عێراق".

ئەحمەد عەزیز یەکێک لەو کەسانەى کە لە دەرەوەى وڵات سکاڵای لەسەر نزار خەزرەجی کردوە، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێسدا رایگەیاند"رەوەندی کوردی لە چالاکوان و کەسانى سیاسی و ئەوانەى لەبواری رێکخراوەییدا کار دەکەن لە دانیمارک کۆبوونەوەیەکى فراوانمان سازکرد، بڕیارماندا کۆمیتەیەک پێکبهێنین بەناوی وەگەڕخستنى تاوانەکانى دادگاییکردنى نزار خەزرەجی، من راسپێردرام بۆ سەرپەرشتیکردنى ئەو هەوڵانەى دەخرێنە گەڕ بۆ دادگاریکردنى ناوبراو".

ئاماژەى بەوەشکرد، دوای ئەو پێکهێنانى ئەو کۆمیتەیە دەستیانکردوە بە کۆکردنەوەى بەڵگەو زانیارى و شایەتەکان لەسەر ئەو دۆسیەیە، چونکە پرسەکە زۆر گەورە بووە لە میدیا وروژێنرا ئەوەش کاردانەوەیەکى گەورەی دروست کرد، ئەوەش بەوتەى خۆی فشار لەسەر حکومەتی دانیمارک دروست بوو تا پرسەکە بە هەند وەربگرێت و کاری لەسەر بکات.

ئەحمەد عەزیز دەشڵێت" نزار خەزرەجی خۆی دانى پێدادەنێت و دەڵێت کە پاڵەوانى جێبەجێکردنى تاوانى ئەنفال بووە، بەڵام پارتى و یەکێتى و بزوتنەوەى ئیسلامى ئەو کات پاکانەیان بۆ کردوە، بەڵام دەبینیت کە خەزرەجی بەچی زمانێک قسەى کرد، بۆیە ئەمە جێگای شەرمەزاییە بۆ ئەو لایەنانە کە پشتگیری ئەو تاوانبارەیان کردوە".

هەروەها ناوبراو سوپاسی دەزگای میدیایی شارپرێسی کرد کە وەک میدیایەکى سەربەخۆو بێلایەن ئەم دۆسییەى لەناو هەرێمى کوردستان وروژاندوەو کارى باشى لەسەر کردوە.

هاوکات ئەو چالاکوانە کوردەى دانیمارک باس لەوە دەکات، ئێستا پۆلیسی دانیمارک و ئینتەرپول بەدوای نزار خەزرەجیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەى دەستگیری بکات، بەڵام تائێستا شوێنەکەی دیار نییە.

بەپەلە