كۆمپانیای نەوتی باكور: حكومەتی هەرێم زیادەڕەوی كردۆتەوە سەر كێڵگە نەوتییەكانمان

کوردستان

14/05/2022‌ 743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای نەوتی باكور رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕەوی كردۆتەوە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەر بەكۆمپانیاكەیان.

لە راگەیەنراوێكدا كۆمپانیای نەوتی باكور ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایکرد، پێشتر ژمارەیەك زیادەڕەوی و پێشێلكارییان بەدیكردوە، كە كراوەتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەوانە كێڵگەكانی خورمەڵەو ئاڤاناو سەفیەو كۆرمۆر، كۆمپانیاكەیان سكاڵای یاسایی لە دادگاكانی تایبەتمەندی عێراق تۆماركردوە تائێستا چاوەڕیی یەكلاییكردنەوەن.

ئەوەشهاتووە، بەردەوامی ئەو پێشێلكاریانە بە پشتیوانی هێزێكی چەكداری سەربە حكومەتی هەرێمی و تیمێكی هونەری كاركردن دەكرێت لە هەردوو كێڵگەی بای حەسەن و داوود، ئەمەشە بەمەبەستی قۆستنەوەی هەلی بەدەستهێنانی وزە بەرهەمهێنراوەكانێتی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان.

كۆمپانیاكە باسی لەوەشكردووە، ئەم هەڵسوكەوتە دەستوورو یاساكانی عێراق رەتیدەكەنەوە كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر بنیاتناراوە، بەو پێیەی نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقەو حكومەتی فیدراڵی سەرپەرشتی كۆمپانیا نیشتمانییەكان دەكات.