دەوڵەتی یاسا: دوو مانگی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە

عیراق

15/05/2022‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکى دەوڵەتى یاسا رایدەگەیەنێت، ئەگەر بێت و لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا حکومەت درووست نەکرێت ئەوە وڵات بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەڕوات.

سەرکردەیەکی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەگەر بێت و هاوپەیمانی سێقۆڵی سەدر و پارتی و سوننەکان نەتوانن لەتێپەڕاندنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو بن، ئەوە موقتەدا سەدر بە ئاڵای سپییەوە دێتە بەردەگای چوارچێوەی هەماهەنگیی، دەشڵێت، ئەگەر بێت و لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا حکومەت درووست نەکرێت ئەوە وڵات بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەڕوات.

حەیدەر لامی سەرکردەی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر هەرکاتێک بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت لەگەڵ لایەنە هاوپەیمانەکانی حکومەت درووست بکات و پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە، ئەوە  لەحەنانەوە بەئاڵای سپییەوە دێتە بەردەرگای چوارچێوەی هەماهەنگیی لەشاری بەغدا.

ئەو سەرکردەیەى دەوڵەتى یاسا جەختیشی کردۆتەوە کە هەردوو مانگی شەش و حەوتی داهاتوو بۆ پڕۆسەی سیاسیی یەکلاکەرەوە دەبێت.

بەوتەی ئەو سەرکردەیەی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەوتی سەدر جگە لە دانیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگیی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە، کە ئەوەشی وەک باشترین سیناریۆ بۆ پرۆسەی سیاسیی هەژمارکردووە، لەبەرئەوەی سووربوونیان لەسەر بۆچوونەکانی خۆیان هیچ ئەنجامێکی لێناکەوێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی