شارپرێس:
دەزگای میدیایی شارپرێسو کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەھەولێر کۆبونەوەو ئازادی ڕادەربڕینو ئاستەنگو ئاڵەنگاریەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەوانییان تاووتوێکرد.
ھەریەک لەھاوکار عزەت بەڕێوەبەری گشتی دەزگای میدیایی شارپرێسو ھەوراز ئەحمەدو ھەژار ئەنوەر ڕۆژنامەوانانی شارپرێس، سەردانی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایان لەشاری ھەولێر کردو لەلایەن ھەریەک لەجیینە کەبرێرە بەڕێوەبەری کاروباری گشتیو جێنەفەر کارتەر بەرپرسی بەشی سیاسی کونسوڵخانەوە پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارێکدا ھەردوولا بەوردی باسیان لەدۆخی ڕۆژنامەوانیی لەھەرێمی کوردستانو ئاستەنگو ئاڵەنگاریەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەوانیی مامەڵەی دامەزراوە فەرمیەکانو لایەنە پەیوەندیدارەکانو ھێزە سیاسیەکان لەگەڵ میدیاو میدیاکاران کرد.
ئازادی ڕادەربڕینو دەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەکانی زانیاریو دەرفەتی یەکسان بۆ میدیاکان بەشێکی گرنگبوو لەدیدارەکەو بەرپرسانی کونسوڵخانەی ئەمریکا وەک لەڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکە ئاشکرایانکردوە، پشتیوانیی لەڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان دەکەن بۆ سەرجەم میدیاو ڕۆژنامەوانانو کاری جدی لەسەردەکەن.
ھەروەک ھەردوولا بەوردی باسیان لەدروستکردنی ترسو تۆقاندنو ڕوبەڕوبونەوەی ڕۆژنامەوانان کردەوەو پێداگرییان لەچارەسەری ھەموو دۆسیەکان کردەوە لەڕێگەی یاسا تایبەتمەندەکانەوە.
ش.هـ