بافڵ تاڵەبانی چۆن بووە کەسی یەکەمی یەکێتی و نازناوی سەرۆکی پێبەخشرا؟

کوردستان

26/05/2022‌ 4628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدوای ڕوداوەکانی هەشتی تەموزەوە، دۆخێکی پڕ تەمومژاوی بەرۆکی یەکێتی و یەکیتیەکانی گرت، نەک ئەندامانی ئۆرگانەکانی خوارەوەی حزبەکە، بگرە بەرپرسانی باڵاو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی یەکێتیش نەیاندەزانی ڕوداوەکان بە کام ئاراستە هەنگاو دەنێن و چارەنوسیان لە چوارچێوەی یەکێتیدا چی دەبێت و چارەنوسی یەکێتیش لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمدا چی دەبێت.

چەند مانگێکی دور درێژ یەکێتی بەو دۆخەوە ناڵاندی و لەگەرمەی قەیرانە ناوخۆیی و کێشەو ململانێکاندا ڕوبەڕوی ژمارەیەک لە ئاڵەنگاریی سیاسی گەورە بوەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار و دواتریش کێشەو ئاڵەنگاریەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دابەشبونە سیاسی و ناوخۆیی و هەرێمایەتیەکان، هەموو ئەمانە بونە تەحەدایەکی گەورە بۆ یەکێتی، یەکێتیەک کە نەک دوژمنەکانی، بگرە دۆستەکانیشی چاوەرێی بەرگەگرتنی نەبوون لەبەردەم ئەو هەموو زریان و ڕەشەبا بەهێزەدا.

لە ناوخۆی حزبەکە کێشەکان هیچیان کەمتر نەبوون لە ئاڵەنگاریەکان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بوبون بە چەند بەشەوەو هەرکەسە و چاوەرێی چارەنوسی خۆی دەکرد، جەمسەرەکانی کێشەکە کە هاوسەرۆکانی حزبەکە بوون بە تەواوی توانایانەوە ڕوبەڕوی یەک وەستابوون و چەند جارێک مەترسی ڕوبەڕووبونەوەی چەکداری و بەکاهێنانی هێزیش لە ئارادابوو.


بافڵ تاڵەبانی کە بکەری سەرەکی ڕوداوەکانی هەشتی تەموز و رۆژانی دواتری بوو هەموان وایان لێدەروانی کە توانای خوێندنەوەی ڕوداوەکانی نییەو توشی غرورێکی سیاسی و دونیایەکی خەیاڵی بوە کە خۆی بۆ خۆی دروستکردوەو تەنها چەند مانگێک هەیمەنەی بەسەر ڕوداوەکاندا دەبێت ، دوای ئەوە یەکێتی توشی شکستێکی گەوەرە دەکات کە ئەستەمە بە ئاسانی لێی دەربچێت.
هەموان بانگەشەی ئەوەیاندەکرد کە تاڵەبانی کور توانای بڕیاردانی دروستی نیە و ئەوەی دەیکات تەنها کاردانەوەیەو دورە لە هەر کردەیەکی سیاسی و لۆژیکییەوە.

لە دوو رۆژی سەرەتای ڕوداوەکاندا بافڵ تاڵەبانی خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساند، بەلام هەر زوو دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لەلایەن دۆستەکانیەوە تێگەیەنرا کە ئەوە پەیرەوی یەکێتییە بڕیار لە سەرۆکبون یان هاوسەرۆکبونی ئەو دەدات و بەخیرایی ئەو بابەتە سرایەوە کە ناوی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆک تێدا هاتبوو.

لێرەوە ئیدی ئەو بۆچونە پەرەی سەند کە یەکێتی پێویستی بە سەرۆکە نەک هاوسەرۆک و چیدی سەردەمی هاوسەرۆکی لە نێو یەکێتیدا کۆتایی هاتوەو دەبێت بە هەر ڕێگەیەک بێت تاڵەبانی کور ببێتە سەرۆک و دەستەواژەی هاوسەرۆکی کۆتایی بێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە درێژایی ئەو ماوەیەی یەکێتی لە کێشەدا بوو بەروکەش خۆی دور دەگرت لە بەریەککەوتن و هەر کاردانەوەیەک لەسەر ڕوداوەکان، بەلام بەشێک لە بەرپرسان و سەرکرەکانی یەکێتی پێیان وابوو سات بەساتی ڕوداوەکانی نێو یەکێتی بە ئاگاداریی پارتییەو، پارتی بە وردی چاودێریی دۆخی ناوخۆیی یەکێتی دەکات و هەندێک جاریش هەوڵی دەستوەردانی دۆخەکە دەدات.

لەماوەەی ئەو چەند مانگەدا کە یەکێتی و پارتی لە ململانێی توندابوون بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و جەماوەری یەکێتیش لەو بروایەدابوون کە تاڵەبانی ناتوانێت ئیدارەی حزبەکەو ململانێکانی بدات و لە ساتێکدا کارەکەی بەدەستەوە عاسی دەبێت و توانای راگرتنی هاوکێشەکانی نامێنێت، چاوەکان لەسەر ئەوەبوون بافڵ تاڵەبانی سود لە ئەزمونی بەرپرسە بەتەمەن و بە ئەزمونەکانی حزبەکەی وەربگرێت کە لەم ساڵانەی دوایدا پەراوێزخرابوون بۆ ئەوەی هاوکاریی بکەن لە ئیدارەدان و ڕزگارکردنی یەکێتی لەو قەیرانانەی بەرۆکیان گرتبوو، بەلام چاودێران و بەرپرسانی یەکێتی پێیان وایە سەرەرای کەمووکورتیەکانی کە هەیبوە بافڵ تالەبانی باش توانی ئیدارەی قەیرانەکان بدات و پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی هەرێمدا بپارێزێت و تارادەیەکی باشیش هاوسەنگی هێز بگێرێتەوە بۆ تەرازوی نێوان یەکێتی و پارتی.

ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەند جارێک ئەوەی راگەیاندبوو کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ناکەن وەک سەرۆکی یەکێتی و چەند سیفەتێکی تریان دەدایە پاڵ تاڵەبانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵی کە دوربوون لە عورفی سیاسیەوە، سەرەنجام لە چەند رۆژی رابردودا لەسەر زاری نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و کەسی دوەمی پارتیەوە بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی ناسێنراو، دوای ئەویش بەرپرسانی تری پارتی و میدیا فەرمی و بەشێک لە میدیا نافەرمیەکانیشیان دەستەواژەی سەرۆکیان بۆ بافڵ تالەبانی بەکارهێنا، بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەلایەن پارتیەوە بێدەنگی یەکێتی بەدوای خۆیدا هێناو ئەوەش وەک رەزامەندییەکی دەستەجەمعی لێکدرایەوە بەرامبەر بە گۆرینی سیفەتی ناوبراو لە هاوسەرۆکەوە بۆ سەرۆکی یەکێتی.

ئێستا و دوای ئەوەی هەموان رازین بە سەرۆکبونی بافڵ تاڵەبانی، تۆپەکە لە قاچی ئەودایەو هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئاخۆ ناوبراو دەتوانێت یاریزانێکی باش بێت لە گۆرەپانەکە یان لەدوای گۆرانکاریەکان و نزیکبونەوەی لەپارتی و تا رادەیەک ڕەوینەوەی بەستەڵەکی نێوانیان جارێکی تر دەچێتەوە ژێر هەژمونی پارتی و هەموو هیواکانی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی لەگۆر دەنێت؟

ئاخۆ تاڵەبانی کور دەتوانێت لەسەر ئەو پێداگریانە بەردەوام بێت کە لە هەشت مانگی ڕابردودا هەیبوە یان سازش لە بۆچونەکانی دەکات و خۆی رادەستی ئەو قەدەرە دەکات کە پارتی چەند مانگێکە دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەریدا...