شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى ـ ڕه‌ققه:
لەشاری ڕەققەو گونده‌كانى، ئێستا ژیان گەڕاوەتەوەو ڕەنگی ڕەشی داعش چیتر بوونى نه‌ماوه‌و ئێستا لەهەموو ناوچەکانی ڕەققە دەست بەبونیادنانه‌وه كراوه.
مێژوو گرنگی ڕەققە
کاتێک مرۆڤ دەچێتە سەرشەقامەکانى ڕەققە، هێشتا شوێنەوارەکانی شەڕ لەمشارەدا به‌ڕوونى دیارن‌و خەڵکی ڕەققە بەهۆی دڕندەیی سەردەمی داعشەوە ئازارێكیان زۆریان پێگه‌یشتووه.
دواى پێنج ساڵ لەڕزگارکردن‌و ئازادكردنى شاری ڕەققە له‌ده‌ستى گه‌وره‌ترین‌و دڕه‌نده‌ترین گروپى تیرۆریستى، ده‌زگاى میدیایی شارپرێس بۆ یەکەمجار سەردانی ڕەققەی کرد‌و لەنزیکەوە دۆخی ڕەققه ده‌گوازێته‌وه.
شاری مێژوویی ڕەققە کە گرنگترین پارێزگای سوریایە، لەساڵی (242-244) پ.ز لەکەنارەکانی ڕووباری فورات بونیادنراوه، ئەمشارە خاوەنی چەندین شارستانیەت بووەو چەندین ئیمپراتۆریەتیش بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیژیەوە دەستیان بەسەر ئەمشارەدا گرتووە، لەناوچەی ڕەققە پێكهاته‌كانى (کورد، عەرەب‌و ئەرمەنی) وەک پێکهاتە سەرەکیەکان پێکەوەژیاون.
لەڕەققە بەهۆی بوونی ڕووباری فوراتەوە بەکشتوکاڵ ناوبانگی دەرکردووه‌و هەموو جۆرەکانی کشتوکاڵ وەک (گەنم‌و جۆ) بونیان هه‌بووه‌و هه‌موو جۆره دارێكیش له‌مشاره چێندراوه، چونکە کشتوکاڵ سه‌رچاوه‌یه‌كى سەرەکی ژیان بووه بۆ دانیشتوانی ڕەققە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسایشیش ڕۆڵێکی سەرەکی لەئابووری ڕەققەدا گێڕاوه.
ڕەققە وەک هەموو ناوچەکانی سوریا لەسەرەتای قەیرانی سوریا لەساڵی 2011 لەدژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین‌و داوای ئازادی کرد، گەلی کورد‌و عەرەب‌و ئەرمەنی پێکەوە داوای ژیانێکی شکۆداریان کرد.
"پایتەختی خەلافەتی داعش" ڕەققە
لەکانوونی دووەمی ساڵى 2014 گروپى تیرۆریستی داعش شاری ڕەققەو ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایه‌ى داگیرکرد، دوای ئەوەی داعش لەحوزەیرانی 2014 موسڵی داگیرکرد، شاری ڕەققەى بەپایتەختی خەلافەتەکەی ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی داعش ڕەققەی داگیرکرد، فەرمانی بەکۆمەڵکوژکردنی کورد‌و ئەرمەنییەکانی شاری ڕەقە کرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه کورد‌و ئەرمەنەکان ناچاربوون ڕەققە بەجێبهێڵن، هاوکات داعش هەموو تاوانەکانی جەنگى لەدژی ئەو عەرەبانەی کە لەڕەققە مابوونه‌وه ئەنجامداوەو وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن:"به‌هۆى داعشه‌وه ژیانمان ببووه دۆزه‌خ".
گۆڕه‌پانى نه‌عیم
داعش گۆڕه‌پانى نه‌عیمى لەناوەڕاستی ڕەققە کردە شوێنی شاهێدی دڕندەیی خۆیی‌و ئەو هاوڵاتی‌و سەربازانەی کە کوژراون، سەریان بڕین‌و سەریان لەگۆڕه‌پانه‌كه هه‌ڵده‌واسراو له‌وێ فڕێیان ده‌دان، بەمشێوەیە داعش ترس‌و دڕندەیی خۆی لەناو خەڵکی ڕەققەدا جێگیركرد بۆ ئەوەی هیچ كه‌س نه‌توانێت دژایەتی بكات، هه‌ربۆیه خەڵکی ڕەققە ئێستا گۆڕه‌پانى نه‌عیمیان ناوناوە "دۆزەخ".
هەسەدە ڕەققەی ڕزگارکرد
لەسەر داوا‌و داخوازیی خەڵکی ڕەققە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) بەپشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، دەستیان بەپرۆسەی ڕزگارکردنی ڕەققە کرد، لە10ی تشرینی یەکەمی 2017، شەڕڤانانی کورد، عەرەب، ئەرمەنی‌و مەسیحی، شاری ڕەققەی پایتەختی داعشیان لەدڕندایەتی داعش ڕزگارکرد، دوای سێ ساڵ لەتاریکی‌و دڕندەیی کە خەڵکی ڕەققە لەدەستی دڕندەترین هێزی جیهان بینییان، دواجار بۆنی ئازادیان كرد.
ڕه‌ققه له‌سه‌ر ده‌ستى ئەنجومەنی مەدەنی دۆخى چۆنه؟
بەڕزگارکردنی شارەکە، ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققەی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور‌و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە لە17ی نیسانی 2017 دامەزرا، لەناوچەی عەین عیساوە بەرەو شاری ڕەققە بەڕێکەوتن، ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە بەهەموو به‌شه‌كانیه‌وه دەستی بەپلانێک کردووە بۆ گەڕانەوەى بۆ شاره‌كه‌و ده‌وروبه‌رى.
یەکێک لەگرنگترین‌و قورسترین کارەکان کە ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە گرنگی پێدا دوای ڕزگاركردنه‌وه‌ى شاره‌كه له‌ده‌ستى داعش، پاكردنه‌وه‌ى شاره‌كه بوو له‌و هه‌زاران مین‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ى كه ئه‌و گروپه تیرۆریستیه بۆ پاراستنى خۆى چاندبووى، ئەنجومەنی مەدەنی بەهاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ‌و هەسەدە، نزیکەی 10 هەزار مین‌و ته‌قه‌مه‌نیان هه‌ڵگرته‌وه‌و شارەوانیی گەلی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققەش، وێرانکاریه‌كانى جه‌نگیان پاکكرده‌وه‌و تائێستاش به‌رده‌وامن.
حمسۆرك: ژیانمان گەڕاندەوە بۆ ڕەققە
شارپرێس سه‌ردانى ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققەى كرد، له‌وێ له‌گه‌ڵ عەبدولسەلام حمسۆرک جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە قسه‌یكردو له‌ڕه‌وشى ژیان‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شاره‌كه‌ى پرسى.
عەبدولسەلام حمسۆرک جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە
حمسۆرك به‌شارپرێسی وت:"بەڕزگارکردنی ڕەققە هەموو لیژنەکانی ئەنجومەنەکەو بەتایبەتی لیژنە خزمەتگوزارییەکان دەستیانکردووە بەپاککردنەوەی شارەکە لەپاشماوەکان‌و پاشماوەکانی ئەو شەڕەی کە داعش دەیان هەزار مینیان چاندبوو، ئەوکارەی لەڕەققە ئەنجامدراوە بەهاوکاریی ڕێکخراوە ناوخۆیی‌و جیهانییەکانی ناوشاره‌كه بووە".
ئه‌وه‌شى باسكرد، خەڵک زۆر له‌سه‌رخۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه شاره‌كه‌و ئه‌وانه‌شى گەڕاونەتەوە خه‌ریكى نۆژه‌نكردنه‌وه‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى ژیانیانن، ئێمه‌ش‌و ئه‌وانیش پێکەوە دەتوانین ژیان بگەڕێنینەوە ڕەققە لەهەموو بوارەکاندا وەک تەندروستی، پەروەردە، پەروەردە، خزمەتگوزاری".
کاری ئاوەدانکردنەوە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەڕەققە دەستیكه‌وت، لەسەدا 40ی بیناو باڵه‌خانه‌كانى شاری ڕەققە بەتەواوی خاپووربوون، هەروەها لەسەدا 60ی بیناکانیش بەبەشێک لەو شەڕو مینانەی لەلایەن داعشەوە بەجێماوە ڕووخاون.
لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ڕەققەو بەپشتیوانی ئەنجومەنی مەدەنی شاره‌كه‌و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی، ده‌ستیان به‌بونیادى شاره‌كه كردۆته‌وه‌و له‌ئێستاشدا ڕێژەیەکی باشی بینا دروستکراونه‌ته‌وه‌و کاری بیناسازیش بەردەوامە.
داعش 27 گۆڕی بەکۆمەڵی لەڕەققە بەجێهێشت
لە لایەکی دیکەوە داعش لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا کە ڕەققەی داگیرکرد، ئه‌وشاره‌و دەوروبەری کردۆته گۆڕستان، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی شارپرێس دەستیکەوتووە، 27 گۆڕی بەکۆمەڵی چه‌كدارانى داعش لەشاره‌كه‌و دەوروبەری دۆزراونەتەوە.
بۆ ئه‌وه‌ش ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە تیمێکی تایبەتی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان دامەزراندووە، بەپێی ڕاپۆرتەکانیش تیمە تایبەتەکە زیاتر لە6000 تەرمیان لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەرهێناوه، تەنها ژمارەیەکی کەم لەوان ناسراون‌و تائێستا هەزارانى تریان نه‌ناسراون.
له80٪ی خەڵکی ڕەققە گەڕاونەتەوە شاره‌كه‌یان
دوای دابینکردنی هەلی کار‌و ئارامى بۆ هاوڵاتیان، ئێستا خەڵکی ڕەققە بەخێرایی دەگەڕێنەوە شاره‌كه‌یان، له‌و ڕووه‌شه‌وه حمسۆرک وتیشی:"ڕێژەی گەڕانەوەی خەڵکی ڕەققە گەیشتۆته 80%".
حمسۆرک ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه، ڕێژەیەکی زۆر لەخەڵکی ناوچەکانی دیکەی سوریا پێشوازییان لێکراوە، بۆ ئه‌وه‌ش حمسۆرك ده‌ڵێت:"لەدەوروبەری ڕەقە 60 کامپی پەنابەران بوونیان هه‌یه‌و چەندین کۆچبەریش هەن، ئەوانیش هاتن بۆ شاری ڕەققە ئەمەش بارێکی قورس دەخاتەسەر شانی ئەنجومەنی مەدەنی‌و خەڵکی ڕەققە، چونکە هەوڵدەدەین لەمانەوە هەلی کار بەدەستبهێنین، هەمووی دابینبکەن‌و پێداویستییەکانیان دابین بکەن".
کشتوکاڵ‌و ڕه‌ققه
وەک لەسەرەتادا باسمان کرد، ڕەققە بەهۆی بوونی ڕووباری فوراتەوە بەکشتوکاڵ بەناوبانگە، ئێستاش ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە لەڕێگەی لیژنەی کشتوکاڵییەوە، سەرجەمی کەناڵەکانی ئاودێریی بۆ کشتوکاڵ کردۆته‌وه، چونكه زیانێكى زۆریان بەرکەوتووە، لەئەنجامیشدا لەدوو ساڵی ڕابردوودا لەهەرێمەکە کشتوکاڵی ڕەققە پەرەی زۆری سەندووەو بەو شێوەیە بەشێکی زۆر لەخەڵکی ڕەققە بەکشتوکاڵ بژێوی ژیانیان دابیندەکەن.
حمسۆرک باس له‌وه‌شده‌كات، "کشتوکاڵ بەشێکی سەرەکی ژیانی خەڵکی ڕەققەیە، بەڵام بەداخەوە داعش زۆربەی کەنەڵ‌و وێستگەکانی ئاودێریی لەناوبردووه، ئێستاش لیژنەی ڕۆشنبیریی‌و ئاودێریی ئەنجومەنی مەدەنی، زۆربەی وێستگەکانی ئاوی گەڕاندووەتەوە، بەڵام لەبواری کشتوکاڵدا ئێستا کێشەیەکی گەورە هەیە كه ئاوی فوراتە، چونکە تورکیا ئاوی فوراتی لەسەر ناوچه‌كه بڕیوە، ئه‌وه‌ش کاریگەریی زۆری لەسەر کشتوکاڵی‌و ئاژەڵداریی‌و کارەبا داناوه".
ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵک
جگە لەکشتوکاڵ‌و ئاژەڵداریی‌و دەیان کارگەی پاککردنەوەی کەرەستەکان‌و کارگەی کەرەستەی بیناسازیی وەک بلۆک‌و کارگەکانی لاستیکی‌و کارگەکان کراونەته‌وە، لەم کارگانەدا سەدان کرێکار کاردەکەن‌و بژێوی ژیانیان دابیندەکەن. حمسۆرک ئه‌وه‌شى باسكرد، دەرفەتەکانی دۆزینەوەی کار بۆ خەڵکی ڕەققەو ده‌وروبه‌رى به‌رده‌وامه‌و نوسینگەیەکی کاریان کردووەتەوەو تائێستا له‌كۆى 27 هەزار کەس كه ناویان تۆماركردووه، زیاتر لە11 هەزاریان ئێستا دامەزراون‌و هەوڵدەدرێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەوانی تر.
مەشق‌و ڕاهێنان
داعش وەک هەموو ناوچه‌كانى تر كه داگیرى ده‌كردن، له‌ڕەققەش هەموو قوتابخانەکانی داگیرکردو تەنها کتێبێكیش كه ده‌خوێندرا كتێبه جیهاده‌كان بوو، ئه‌مه‌ش وایكردووه، منداڵانى شاره‌كه زیاتر لە 3 ساڵ لەپەروەردەو فێركردن دووربن، بۆیە لەگەڵ ڕزگارکردنی ڕەققە، ئەنجومەنی مەدەنی لەڕێگەی لیژنەی پەروەردەو ڕاهێنانەوە دەستی بەئامادەکاریی ڕاهێنان کرد‌و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده ده‌ستى پێكرده‌وه.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتووە، لیژنەی پەروەردە نزیکەی 400 خوێندنگه‌یان نۆژه‌نكرده‌وه، چونكه داعش به‌شێكى زۆرى ته‌قاندبوونه‌وه‌و وێرانى كردبوون، ئێستا بەڕووی منداڵاندا کراونه‌ته‌وه، منداڵەکان ئێستا دوای چەند ساڵێک لەدابڕان، گەڕاونەتەوە بۆ خوێندن.
ڕه‌وشى تەندروستی له‌ڕه‌ققه
لەگەڵ کاری ئابووری‌و بیناسازیدا، ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە لەڕێگەی لیژنەی تەندروستییەوە گرنگییەکی زۆری بەبواری تەندروستی داوه، لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی تەندروستی نەخۆشخانەی نەتەوەیی ڕەققەی کردەوەو ڕۆژانە بەبێبه‌رامبه‌ر پێشوازیی لەنەخۆش دەکات، لیژنەکەش هەموو پێداویستی‌و دەرمانە پێویستەکانی بۆ نەخۆشخانەکە دابینکردووە.
هاوکات جگە لەنەخۆشخانەی گشتی نیشتیمانى، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەژنان‌و منداڵان‌و نەخۆشخانەی مانگى سور لەلایەن لیژنەی تەندروستییەوە کراوه‌ته‌وه، بەڵام هێشتا پێویستی بەپزیشكى پسپۆڕ‌و کەرەستەی مۆدێرنە.
مێژووی هاوبەشی پێکهاتەکان
کورد‌و عەرەب‌و چەند ئەرمەنێک کە گەڕاونەتەوە بۆ ڕەققە ئێستا پێکەوە هەرێمەکەیان هه‌وڵده‌ده‌ن ڕه‌ققه بونیادبنێنه‌وه‌و نمونەیەکی سوریای دیموكرات پیشانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بده‌ن. ڕه‌ققه چوار ساڵ پێش ئێستا کە ناوی ده‌هێنرا هەموو جیهان لێى دەترسا، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە پایتەختی زوڵم‌و زۆرداری‌و تاریکییان لەدڕندەیی سەردەمی ڕزگارکردو ئێستا بووەتە پایتەختی برایەتی گەلان‌و هەمەچەشنیی.
له‌ناوشارى ڕەققە، شارپرێس له‌گه‌ڵ محەمەد تورک كه یه‌كێكه له‌سەرۆک هۆزه عەرەبه‌كان کۆبۆوە، لەبارەی ئەو پرسیارەی ئایا پێش ڕزگارکردنی شاره‌كه، لەڕەققەدا دۆخی ژیان چۆن بوو، تورک وتی:"شاری ڕەققە شاری چەتەکان بوو، چەتەکانی داعش لەڕەققە کوشتن‌و هەراسان‌و وێرانکارییان دەکرد، داعش بەئەنقەست ئەوکارەی ده‌كرد، هەرکەسێک بەوشەیەک لەدژی داعش بهاتایه ده‌ره‌وه ڕاسته‌وخۆ لەلایەن داعشەوە سەرده‌بڕدرا".
محەمەد تورک یه‌كێك له‌سەرۆک هۆزه عەرەبه‌كان
ئه‌وه‌شى وت:"ئەگەر لەسەردەمی داعش لێرە بوویت‌و لێرە ژیاویت، جیاوازیه‌كى زۆر گه‌وره ده‌بینیت، بارودۆخەکە لەسەدا 100 گۆڕاوە، ئێستا، سوپاس بۆ هه‌سه‌ده‌و هێزە ئەمنییەکان، ئێمە ئارامیمان هه‌یه، بۆ نمونه واى لێهاتووه، کاتێک یەکێک لەناوچەکانی دیکەى ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا دێته ڕه‌ققه، پێمان ده‌ڵێن، ئێوە لەبەهەشتدا دەژین".
ئه‌و سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به باس له‌وه‌ده‌كات، لەڕەققە مێژوویەکی هاوبەشی هەزاران ساڵەی پێکهاتەکان پێکەوە هەیە بەتایبەتی گەلی کورد‌و عەرەب، ڕژێمی بەعس‌و تورکیا‌و داعش، ویستیان ئەو هاوپەیمانییە لەنێوان پێکهاتەکان ببەزێنن‌و پێکهاتەکان جیاببنەوە، بەڵام دوای ڕزگارکردنی ڕەققە لەدەست داعش‌و دامەزراندنی ئەنجومەنی مەدەنی کە لەهەموو پێکهاتەکان پێکهاتووە مێژووی هاوبەشی پێکهاتەکان قوڵتر بوویەوەو برایه‌تى بڕیارى له‌باره‌وه درایه‌وه.
زیاتر له‌و ڕوه‌وه دەڵێت:"پێشتر‌و ئێستاش نازانین عه‌ره‌ب‌و ئه‌رمه‌نى‌و كورد چییه، چونكه هه‌میشه پێکەوە ژیاوین‌و پەیوەندییەکی به‌هێزى کۆمەڵایەتی لەنێوانماندا هه‌بووه، بەدەگمەن ناوی کورد یان عەرەب لەڕەققە باسکراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمە وەک یەک بووین، هیچ وشەیەکی وا نەبوو کە جیاوازی دروستبکات لەنێوان پێکهاتەکاندا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش ئامادەبووم لەکردنەوەی کەنیسەی شەهیدانی ئەرمەنی لەڕەققە، دوای ماوەیەک، کڵێسایەکی تر دەکەینەوە، لەبەرئەوە ئێمە هەموومان یەکین‌و پێکەوە دەژین".
ڕۆژی 27ی ئایار بەئامادەبوونی هەموو پێکهاتەکانی ڕەققەو فەرماندەکانی هەسەدەو هێزە ئەمنییەکان‌و ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققەو پیرانی ناوچەکە، کڵێسا‌ی شەهیدانی ئەرمەنی کە لەسەردەمی داعشدا تێکشکێنرا، کرایەوە.
خەڵکی ڕەققە نیگەرانن لەهەڕەشەکانی تورکیا
عەبدولسەلام حمسۆرک جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققە له‌باره‌ى نیگه‌رانیه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌كانى توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ڵێت:"هەڕەشەیەکی گەورە لەدەوڵەتی تورکەوە هەیە بۆ باکوور‌و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمە کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر هەموو خەڵک دوای چەندین ساڵ لەجەنگ، خەڵک ئێستا پێویستیان بەئاسایش هەیە، بەڵام سه‌ربارى ئه‌وانه‌ش خەڵک نیگەرانن لەهەڕەشەکانی تورکیا، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کێشەی سوریا چارەسەربکات‌و کۆتایی بەهەڕەشەکانی ئەردۆغانیش بێنێت له‌سەر خەڵکی ناوچەکە".
لەماوەی دوو ڕۆژ مانه‌وه‌ى شارپرێس لەشاری ڕەققەو بەتایبەتی لەگۆڕه‌پانى نه‌عیم کە ئێستا بووەتە جێگای کۆبوونەوەو سەردانی پێکهاتەکانی ڕەققە كه پێشتر شوێنی کوشتاری مرۆڤ بوو، ئه‌وه به‌ڕوونى ده‌بینرێت، خەڵکی ڕەققە لەشارەکەیان لەئاسوودەییدان.
هاوڵاتیانى ڕه‌ققه له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه ته‌ئكیدده‌كه‌نه‌وه، سه‌ربارى ماندووبونیان له‌جه‌نگ، به‌ڵام وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن:"ئەگەر تورکیا هێرشبکات، ئەوا ئاسایش لەناوچەکانیان تێکدەچێت‌و جارێکی دیکە داعش سەرهەڵدەداتەوەو ژیانیان تاریک دەکات، بۆیه ئاماده‌ى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ن".
ڕەققە پێویستی بەپشتگیرییەکی گەورە هەیە
شارپرێس به‌شى هه‌ره‌زۆرى گه‌ڕه‌كه‌مانى شاره‌كه‌ى به‌سه‌ركرده‌وه، ئه‌وه بینرا، تاڕادەیەکی زۆر ئەنجومەنی مەدەنی‌و هێزە ئەمنییەکان‌و هەسەدە، هەموو پێداویستییەکانی ڕەققەیان جێبەجێکردووەو ئاسایشی ڕەققە دەپارێزن، بەڵام بۆ درێژەدان بەم دۆخەو بۆ ئەوەی بیر‌و هزرى توندڕه‌وى نەگەڕێتەوە، پێویستییەکی زۆریان بەیارمەتیدانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە.
ش.هـ
