ئایا پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 2023 کۆتایی دێ؟ یان ئەردۆگان یەک لایەنە کاری پێناکات؟

مەلەفی تایبەت

11/06/2022‌ 1974 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پەیماننامەی لۆزان ئەو پەیماننامەیە کە لە نێوان لایەنە سەرکەوتوەکانی شەڕی جیهانی یەکەم(هاوپەیمانان) و لایەنێکی ژێرکەوتو(دەوڵەتی عثمانى) لە 24/7/1923 لەشاری لۆزان-سویسرا مۆرکرا،دان نان بەو کۆماری تورکیایە ئێستای لێکەوتەوە بەو سنورانەی ئێستا لەسەر نەخشەی تورکیا دیاریکراون. پەیماننامەکە لە 143 مادە پێک هاتوە،لە تەوەرە سەرەکیەکانی کە پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە:- -دیاریکردنی سنورەکانی تورکیا(ئەو سنوورانەی لەسەر نەخشەی ئێستای تورکیا دیاریکراون)،بە سنورە ئاویەکانیشەوە. -مافەکانی کەمە ئایینیەکان. -تەنگاوەکان(بوسفۆر و دەردەنیل) کەدواتر بە ڕێککەوتنی مونتیرۆ هەموارکرایەوە لە 20/7/1936 لە کۆشکی مۆنتیرۆ- سویسرا. ماوەیەکە باس لەوە دەکرێ لە ساڵی 2023 دوای ئەوەی 100 ساڵ تێدەپەڕێ پەیماننامەکە کۆتایی دێ. ئەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە و پەیماننامەکە لە هیچ مادەیەک لە مادەکانیدا باس لە کات و ماوە ناکات،پەیماننامە جیایە لە ڕێککەوتننامەی (ماوە دیاریکراو). بەڵام ئەردۆغان لە ڕێگای گەلێک لە نوسەر و شیکەرەوەکانی دەیەوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان بە خەڵک بڵێ ئەو پەیماننامە کۆتایی پێدێ،لەو ڕوانگەیەوە کە پەییماننامەکە بەزەبری هێز(هێزی براوە بەسەر لاوازی دۆڕاودا)سەپێندراوە،ئێمەش کاتێ بەهێز دەبین(کە ئەو پییوایە خەریکە دەگەنە ئەو هێزە) لە ژێر سایەی هێزدا وردە وردە بەند و ماددەکانی فەرامۆش دەکەین. چەند ساڵێکە ئەردۆغان بەکردار ئەوەی جێبەجێکردوە(هەتا ئێستاش هەتا ڕادەیەک سەرکەوتو بوە)،ئەوەش بە دوو قۆناغ:- قۆناغی یەکەم/جێگیرکردنی دەسەڵاتی ڕەهای خودی خۆی و داڕشتنەوەی دەزگاکانی دەوڵەت بە شێوەیەک لە گەڵ پلان و ئامانجەکانی بگونجێن. -هەموو تورکیای برسی کردوە،بەشی زۆری بودجەی تورکیا لە پێشخستنی تەکنۆلۆجیای سەربازی خەرج دەکات(هەروەک لەسەرەوە باسمکرد پێێی وایە هێز تاکە هۆکاری گێڕانەوەی تورکیایە بۆ ئیمپراتۆریەت). -هەر هێزێک یان کەسێک لەگەڵ ئەو بۆچونەی نەبێ تەنانەت ئەگەر لە حیزبەکەی خۆشی بوبێ کەنار و بێ ڕۆڵی کردوە،تەنانەت ئەگەر پێویستی کردبێ زیندانیی کردون. -گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پارلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی،بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی بڕیارە پێویستەکانی بدا و جێبەجێیان بکا(ئێستا لە کرداردا لە تورکیا تەنها ئەردۆغان بڕیاردەدات و دارو دەستەکەی جێبەجێی دەکەن)،هەموو دەزگاکانی دەوڵەتیش خراونەتە خزمەت ئامانجەکانی ئەردۆغان لە ژێر دروشمی (هەموو شتێک لە پێناو سەرکەوتندا). -خاوێنکردنەوەی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت لەو کەسانەی بیرکردنەوەیان لەگەڵ ئامانجەکانی ناگونجێن و گۆڕینیان بە کەسانی گویڕایەڵ. قۆناغی دووەم/پشتگوێخستنی ماددە و بەندەکانی پەیماننامەکە و پلە بە پلە تێپەڕاندنیان (ئەوەندەی بکرێ لە گەڵ ڕەوشی سیاسی تورکیا و جیهانی لەو کاتەدا). ئەردۆغان چەند ساڵێکە دەستی بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانەکەی کردوە و بانگەشەی ئەوەش دەکا لە دوای تێپەڕاندنی ساڵی 2023 هەنگاوی گەورە و مێژویی لەو بوارەدا دەهاوێژێ،بە هەموو هێزیشیەوە هەوڵدەدا لە هەڵبژاردنەوەی ئەم جارەدا دەربچێتەوە بەهەر نرخێک بێ بۆ ئەوەی پلانەکەی تەواو بکا. -مادەی 16 لە پەیماننامەی لۆزان دەڵێ (تورکیا پەیمان دەدا دەستبەرداری هەموو ماف و خاوەنداریەکانی ببێ لەو سنورانەی دەکەونە دەرەوەی سنوری ئێستای تورکیا و پێشتر لە ژێر قەڵەمڕەوی ئەودا بون). بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردودا،دەستی وەرداوەتە ناو خاکی سوریا،لیبیا،عێراق،لە هەر یەک لەو وڵاتانە بنکەی سەربازی دامەزراندوە و هێزی سەربازی سێبەری بۆ تورکیا دروست کردون،پلانی ئەوەی هەیە کە لە داهاتودا ئیماراتی سەر بە تورکیایان لێدابمەزرێنێ. لە ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستی وەردەداتە کێشەکانیانەوە، وڵاتە تورک زمانەکان کۆ دەکاتەوە و دەیەوێ کۆمکاری تورک زمانەکانیان لێدروست بکا. -بە دروستکردنی کەناڵی ئەستەنبوڵ کە کەناڵێکی ئاویە دەریای مەڕمەڕە دەبەستێتەوە بە دەریای ڕەشەوە،پاشقولی لە ڕێککەوتننامەی مۆنتیرۆ گرتوە،ڕایگەیاندوە کە ئەو کەناڵە پابەند نابێ بەو ڕێککەوتننامەوە،ئەوەش مانای ئەوەیە لە کاتی شەڕدا تورکیا دەتوانێ کەشتیە سەربازیەکانی خۆی یان هەر لایەنێکی بوێ لەو کەناڵەوە تێپەڕێنێ کە بە پێی ماددەی 19 ی ڕێککەوتننامەی مۆنتیرۆ لەکاتی شەڕدا کەشتیە سەربازیەکان مافی تێپەڕاندنی هەردوو تەنگاوی دەردەنیل و بۆسفۆڕیان نیە. بڕگەی 2 لە مادەی 13 ی پەیماننامەکە دەڵێ (فڕۆکە سەربازیەکانی تورکیا و یۆنان بۆیان نیە بە هیچ شێوەیەک بەسەر کەناراوەکانی بەرامبەرەکەیاندا بفڕن). بەڵام هەتا ئێستا دەیانجار ئەو بڕگەیەی پێشیل کردوە هەرچەندە لە بەرامبەردا یۆنانیش هەمان پێشێلی کردوە. هەرئەوەندە نا ئێستا ئەردۆغان داوای بەشێک لە دورگەکانی دەریای ئیجە دەکاتەوە کە وەک( دورگەی کێشە لەسەر)لە نێوان یۆنان و تورکیا ماونەتەوە. لەلایەکی ترەوە تورکیا چەند ساڵێکە بەدوای کنە و پشکنینی غازەوەیە لە دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست،ئێستا سەرقاڵی ڕاکێشانی هێڵێکی بۆڕی گواستنەوەی غازە بە درێژی 170 کم لە دەریاوە بۆ ناو خاکی تورکیا و لە بەشە وشاکاوەکیەکەی کاری تێدا داەکرێت،بڕیار وایە لە 13/7/2022 ئاهەنگێک بۆ پڕۆژەکە ئەنجام بدرێ و ئەردۆغانیش وتارێکی تێدا پێشکەش بکا. ئەوەی باس دەکرێ،تورکیا بڕی 540 ملیار مەتر سێجا غازی لە دەریای ڕەشدا دۆزیوەتەوە،ئەگەر بتوانێ ئەو غازە دەربێنێ بەشێک لە باری سەرشانی ئابوری تورکیا سوک دەکا،چونکە تورکیا ساڵانە زیاتر لە (50)ملیار دۆلار لە کڕینی وزە خەرج دەکا کە دەکاتە (40-45)% ی بودجەی تورکیا. -ئەردۆگان ماوەیەکە لە تویتەر بە زمانی یۆنانی تویت بۆ یۆنانیەکان بڵاو دەکاتەوە،لە تویتەکانیدا داوا لە یۆنانیەکان دەکا کە نەکەن بکەونە ژێرکاریگەری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیانەوە کە خەون بە داگیرکردنی تورکیاوە دەبینن،هەڕەشە لە دەسەڵاتدارانی یۆنان دەکا و داوای بەشێک لە دورگەکانی دەریای ئیجە دەکاتەوە،ئەو تویتانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێن کە پێشتر ئەردۆغان لە وتارێکیدا ڕایگەیاند لای ئەو کەسێک نەماوە بە ناوی سەرۆکی یۆنان،ئەوەش دەستوەردانی ڕاستەوخۆیە لە یۆنان (پشتگوێ خستنی حکومەتی یۆنان و سەرۆکەکەی و ڕاستەوخۆ قسە کردن لە گەڵ خەڵکەکەی) جۆرێک لە ڕاگەیاندنی شەڕە لە گەڵ حکومەتی یۆنان. ئەم سەرکێسی و تاکڕەویانەی ئەردۆغان هەتا کەی بۆی دەچنە سەر؟ ئایا ڕوسەکان ،ئەوروپیەکان ،ئەمریکیەکان و یۆنانیەکان دەستەوستان دادەنیشن بەرامبەر فراوانخوازیەکانی ئەردۆگان؟ کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکیای دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو بکات؟ ئەگەر ئەردۆگان دەرچوەوە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکا؟ ئەگەر ئەردۆغان دەرنەچوەوە چی بکا؟
جوتیار رەشید