بەپێچەوانەی بۆچوونی باو..خواردنی ماسیی ئەگەری توشبون بەم نەخۆشییە زیاد دەکات

تەندروستی

14/06/2022‌ 824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێچەوانەی ئەو لێکۆڵینەوانەی جەخت لەسوودەکانی خواردنی ماسیی دەکەنەوە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی دەڵێت، دەکرێت خواردنی بڕێکی زۆر لەماسیی یەکێک لەهۆکارەکانی تووشبوون بێت بەشێرپەنجەی پێست.

توێژەرانی سەنتەری شێرپەنجەی "مێرسی هێڵت لەیکس" لەویلایەتی میشیگان لەئەمریکا لەماوەی 15 ساڵدا بەدواداچوونیان بۆ 490 هەزار ئەمریکی کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 71-50 ساڵیدا بووە، لەئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە کە لەسەدا 20ی ئەوکەسانەی بڕێکی زۆر ماسییان خواردووە، بەڕێژەی لەسەدا 25 ئەگەری تووشبوونیان بەشێرپەنجەی پێست زیاتر بووە، بەبەراورد بەوانەی بڕێکی کەمتریان خواردووە.

لێکۆڵینەوەکە وتویەتی:"ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی پێست بوون، بەگشتیی ڕۆژانە 43 گرام ماسییان خواردووە".

ئیونیۆنگ چۆ توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکەو پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەقوتابخانەی وارن ئەلبێرت بۆ پزیشکیی لەزانکۆی براون، مەزەندەیکردووە، بوونی مادە پیسکەرەکانی وەک جیوەو بایفینێل پۆلیکلۆرین بەڕێژەیەکی بەرز لەماسییدا، هۆکاری تووشبوون بەشێرپەنجەی پێستە.

چو لەوتارێکدا کە لەگۆڤاریCancer Causes and Controls بڵاویکردووەتەوە، وتویەتی:"بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەنجامانە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت پێشئەوەی بتوانین هیچ ڕاسپاردەیەک سەبارەت بەسیستەمی  خۆراکیی پەیوەست بەماسییەکان‌و بڕی پێشنیازکراوی خواردنی ماسیی پێشکەشبکەین".

ویلیام داهۆت گەورە بەرپرسی زانستیی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکیی باسی لەوەکردووە، "توێژینەوەکە وردەکاریی پێویستی لەبارەی خووی بەشداربووان بۆ بەرکەوتنیان بەتیشکی خۆر تێدانییە، هەروەک ڕوون نییە کە ئایا عاشقانی خواردنی ماسیی خانوویەکی کەنار دەریایان هەیە یان کاتێکی زۆر لەبەر هەوای کراوەدا بەسەر بەرن یان نا، بەوپێیەی هەموو ئەو فاکتەرانە ڕۆڵیان له‌زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشییەکە هەیە".

و: ئاکۆ ئاڵی