چوار بڕیار لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

کوردستان

15/06/2022‌ 5804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن.

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەنجومەنەکە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز پەسەند دەکات.

هاوکات ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی قەرز و سزای دارایی و پێشینەکانی حکومەت بۆ 90 ڕۆژ و دواجار درێژکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو کە بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەش، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستوورو.

ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبوونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون.

باس لەوەشکراوە کە بڕیاریدراوە هەفتەی داهاتوو هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە وزانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لە بواری چاکسازیی ئاگادار بن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بووە بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە ناویشیاندا هاووڵاتیانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی وبەیەکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كريستيانەکان یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە لە هەرێم.

سەرۆکى حکومەت جەختیکردەوە کە ڕێگە بە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات . ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5 ساڵی 2015 لە ناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاووڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە.

هەر لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران روونیکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک: پێشینەی خانووبەرە، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم .

بەپێی بریارەکەى ئەنجومەنى وەزیران، ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت