نیویۆرک تایمز مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ى سه‌در ئاشكراده‌كات

عیراق

18/06/2022‌ 3644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "عێراق لەناو گێژاوو بێسەرەوبەرەیی سیاسییدا" بڵاوکردۆتەوەو باسی لەوەکردووە، ئەو دابەشبوونەی لەنێوان پارتە سیاسییە شیعییەکاندا دروستبووە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نائارامی‌و سەرچاوەیەکی سەرەکیی بۆ نەبوونی سەقامگیریی لەعێراقدا.


ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەڕاپۆرتەکەدا باسی لەوەکردووە، هێشتا ڕوون نەبۆتەوە کە ئایا دەستلەکارکێشانەوەی پەڕلەمانتارانی کوتلەی سەدر لەپه‌رله‌مانى عێراق تەنها تاکتیکێکە بۆ دانوستانکردن یان بایکۆتێکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ پڕۆسەی سیاسیی‌و سیاسەتی پەڕلەمانیی.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مەترسیی هەیە کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپڕۆسەی سیاسیی‌و ڕاگەیاندنی داخستنی زۆرینەی نووسینگەکانی لەسەرتاسەری وڵات، مانای ئەوەبێت کە ڕەوتی سەدر بیەوێت دانوستانی سیاسیی بەناڕەزایەتیی جەماوەریی‌و پەنابردن بۆ شەقام‌و دروستکردنی نائارامیی بگۆڕێت، ئەو میکانیزمەش پێشتر سەدر بۆ دروستکردنی گوشار لەبەرامبەر نەیارەکانیدا بەکاریهێناوە.

ڕۆژنامەکە لەزاری چاودێرانەوە گواستوویەتییەوە کە وتویانە هاتنەدەرەوەی سەدرییەکان لەپڕۆسەی سیاسیی واتای ئەوەیە کە پەناب دەبەنەبەر شەقام، بۆیە ئەو هەنگاوەی سەدر یەکێکە لەگرنگترین ئەو پێشهاتانەی گریمانەی تێکچوونی سەقامگیریی دۆخی وڵاتی لێدەکرێت، بەتایبەت کە ڕەوتی سەدر توانای ڕووخاندنی هەر حکومەتێکی داهاتووی هەیە.

نیویۆرک تایمز نوسیویەتی:"دۆخی ئێستای عێراق لەدوو گرووپدا کورتبۆتەوە کە ئامادەن لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتیاندا هەموو شتێک بکەن".

جەختیشیکردۆتەوە، ئەو دابەشبوونەی بەسەر لایەنە شیعییەکاندا هاتووە ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی هەموونی ئێران بەسەر سیاسەتی عێراقەوە.