هەواڵگری ئێران لە تورکیا خەریکی چییە و بۆچی ئیسرائیلییەکان ئەوەندە نیگەرانن ؟

جیهان

19/06/2022‌ 968 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی ئیسرائیل لەسەر زاری بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردۆتەوە کە هەواڵگریی ئێران لە تورکیا خەریکی پیلانگێڕییە بۆ بەئامانجگرتن و هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیلی، لەوچوارچێوەیەشدا ئیزگەی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردووە کە بەرپرسێکی ئێرانی کە لەپشت ئەو کارەوەیە، ئێستا لە شاری ئەستەنبووڵە و سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات.

هەر بەپێی راگەیاندنەکانی ئیسرائیل، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە کە لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی هەیە لە تورکیا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، لەناویاندا "مۆساد" کۆبوونەوەیەکی باڵایان ساز کردووە.

لەکۆبوونەوە باڵاکەی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلدا گەیشتوونەتە ئەو مەزەندەیەی کە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئێران هێرشێکی تیرۆریستی دەکاتە سەر ئیسرائیلییەکانی نیشتەجێی تورکیا، بەتایبەت لە شاری ئەستەنبووڵ، ئەوەش هاتووە کە پیلانەکانی ئێران چەند جۆرێکن لەوانە، تەقەکردن و هەوڵی ڕفاندن، ئەوانەشی کارەکە ئەنجامدەدەن هاوڵاتیی ئێرانی و تورکیشیان تێدایە.

هەروەک بەگوێرەی رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی عیبری، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان جەختیان کردۆتەوە کە هێرشەکەی ئێران بۆسەر هاوڵاتیانی ئیسرائیلی لە شاری ئەستەنبووڵ تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە زۆر جیدییە.

رۆژنامەکە وتوشیەتی: دەبێت ئیسرائیلییەکانی ئەوێ زۆر ئاگاداری خۆیان بن و دەستبەجێ شارەکە جێبهێڵن، ئەوەش ناتوانێت ئەوکارە بکات، ئەوە با چالاکییەکانیان تائەوپەڕی کەمبکەنەوە و لەژوورەکانی خۆیان لەناو هۆتێلەکاندا بمێننەوە.

لای خۆشییەوە پێگەی کەناڵی I24 ی ئیسرائیلی بەشێک لە ڕێنماییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی بۆ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە تورکیا بڵاوکردۆتەوە بەوەی دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوە بن کە بزانرێت ئەوەی لە دەرگا دەدات  کێیە و بەدەم هەموو ئەو بانگهێشتانەشەوە نەچن کە بۆ کاری بازرگانیی یان گەشتیاریی دەخرێتە بەردەمیان.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، هۆشدارییە ئەمنییەکان لە زیادبووندان و لە ئێستادا هاوکارییەکی ئەمنیی گەورە لە نێوان موساد و هەواڵگری تورکیادا هەیە بۆئەوەی پیلانی هەواڵگریی ئێران بۆ لێدان لە ئیسرائیلییەکان پووچەڵ بکەنەوە.

سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بەو کارەی ئێران، چەند سەرچاوەیەکی تورکی بە میدیا ئیسرائیلییەکانی راگەیاندووە کە سەرەڕای هاوکاریی هەواڵگریی لەنێوان میت و مۆساد بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە گریمانکراوەکەی هەواڵگریی ئێران، لەهەمان کاتدا ئەنقەرە، تارانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوان چاوپۆشی لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەیان وەک بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی چالاکیی دژی ئیسرائیل ناکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە