لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: مرۆڤ ملیۆنێک ساڵ پێش ئێستا ئاگری دۆزیوەتەوە

هەمەڕەنگ

21/06/2022‌ 251 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی کە ئەنجامەکانی لەگۆڤاری "نیو ساینس"دا بڵاوکراوەتەوە، زاناکان لەڕێگای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردەوە شوێنەواری کردنەوەی ئاگرییان لەپێگەیەکی شوێنەواریی لەوڵاتی ئیسرائیل دۆزیوەتەوە کە تەمەنی نزیکەی ملیۆنێک ساڵ دەبێت.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، توێژەران بەرنامەی لۆگاریتمیان بەکار‌هێناوە بۆ پشکنینی ئەو بەردانەی لەپێگە شوێنەوارییە کەناراوییەکەی باکوری ئیسرائیل "ئیڤرۆن کواری" کۆیان کردوونەتەوە.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی "هائارێتس"ی عیبری دەڵێت، "زاناکان ئەوەیان پشتڕاستنەکردۆتەوە کە ئەو ئاگرەی لەو پێگەیە دۆزراوەتەوەو تەمەنی نزیکەی ملیۆنێک ساڵە لەسەر دەستی مرۆڤ کراوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکە توانیویەتی جۆرە تەکنیکێک پەرە پێبدەن کە لەڕێگایەوە دەتوانێت ئەوە ڕوونبکاتەوە کە ئایا ئەو بەردە دێرینانە بەشێوەی دەستکرد گەرمکراون یان نا".

ئەگەر ئەو تەکنیکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوە زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو ماوە ئاشکرادەبێت کە مرۆڤی نوێی ئاگری تێدا بەکارهێناوەو بۆچی مەبەستێکیش بەکاریهێناوە.

هێشتا ئەو زانیاریانەی سەبارەت بەو ماوەیەی کە باوباپیرانی مرۆڤ دەستیان بەبەکارهێنانی ئاگرکردووە ناکۆکن. دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی پێشوو ئاماژەیان بەوەکردووە، مێژووی ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 400 هەزار ساڵ، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە مێژووی بەکارهێنانی ئاگر لەلایەن مرۆڤەوە بگاتەیەک ملیۆن‌و نیو ساڵ.

و: ئاکۆ ئاڵی