شارپرێس:
ڕۆژنامەی"ساوس چاین مۆرنینگ پۆست"ی چینی بڵاویكردەوە، كۆمەڵێك لەتوێژەرانی زانكۆی پەكین جیاوتۆنگ لەچین، ئامێرێكی "خوێندنەوەی بیركردنەوە"یان پەرەپێداوەو تاقییان كردۆتەوە، باس لەوەشکراوە، ئەو ئامێرە یارمەتیدەر دەبێت لەجێبەجێكردنی سیاسەتی ئەو وڵاتە بۆ سانسۆرکردنی بابەتە پۆڕنۆکان لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت.
سەیرکردنی بابەتە پۆڕنۆکان لەچین وەک تاوان سەیردەکرێت، بۆ ئەوەش دەوڵەت چەند ڕێگەیەکی بۆ چاودێریکردنو پشکنینی سایتەکانی ئینتەرنێتو سۆشیال میدیا تەرخانکردووە هەوڵی لابردنیان دەدات، لەنێو ئەم شێوازانەدا، بەکارهێنانی بەرفراوانی زیرەکی دەستکرد بۆ هەواڵپێدانی ناوەڕۆکی قەدەغەکراوی یاسایی، ئەوە جگە لەدامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لەچاودێران.
بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەبابەتە سێکسییەکان لەو میکانیزمانەی دەوڵەت دەربازدەبن، لەبەرئەوە ئەو ئامێرە نوێیە ڕۆڵی دەبێت لەبەهێزکردنی کارامەییو توانای ئاشکراکردنی بابەتە پۆڕنۆکان ئەویش لەڕێگای سوودوەرگرتن لەتواناکانی مێشکی مرۆڤو دواتر بەدواداچوونی تەکنەلۆژیی بەردەست.
توێژەرە چینییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئاستی توانای چاوو مێشکی مرۆڤ لەناسینەوەی وێنەکاندا زۆر باشترە لەئاستی لۆگاریتمەکانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، بەتایبەت کاتێک وێنەکان پاشخانی ئاڵۆزیان تێدابێت.
تیمی توێژینەوەکە تێبینی ئەوەیانکردووە، لەکاتی پیشاندانی وێنەیەکی ڕووت، تەنانەت بۆ ماوەی نیو چرکەش لەنێوان کۆمەڵێک وێنەی دیکەدا، بەشێوەیەکی تایبەت سەرنجی بینەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.
بۆیە ئەم کڵاوخوزە نوێیە بۆ گرتنی ئەم شەپۆلانەی مێشک دروستکراوە کە دوای بینینی وێنەی پۆرنۆگرافی بەرهەمدێن.
لەچین هیچ یاسایەک نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەو وڵاتە درووستکردووە کە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی خەڵکە.
باس لەوەشدەکرێت، هەندێک لەکارگەکانی چین ئامێری خوێندنەوەی مێشکیان ڕۆبۆت بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی "ئاگاییو هەستی کرێکارانو باشترکردنی بەرهەمهێنان".
و: ئاکۆ ئاڵی