شارپرێس:
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا سزایەکی توندی
بەپرسی پێشووی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی و تاوانی ڕێکخراوی ئەو
وڵاتەیانداوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەلێدوانێکدا پشتیوانیی و هاوسۆزیی خۆی بۆ
سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەربڕیوە.
حەنەفی ئاڤچی سەرۆکی پێشووی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی
قاچاخچێتیی و تاوانی ڕێکخراوی تورکیا لەلوێدوانێکدا رایگەیاندووە کە پێویستە گوێ
لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی پێویستی ئازادکردنی سەڵاحەددین
دەمیرتاشەوە بگیرێت و دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکرێت، ئەمەش دەسەڵاتدارانی تورکیای
تووڕەکردووە .
باس لەوەشکراوە کە بەهۆی ئەو لێدوانەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕیاریانداوە
ئاڤچی لە پلە ئەمنییەکەی دابماڵرێت و چەک و ناسنامەکەشی لێوەربگیرێتەوە،
بەراددەیەک بەهیچ شێوەیەک ڕێگەشی نەدراوە ناوبراو بەرگریی لە خۆی بکات و تەنیا لە
بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
پێشتریش دەسەڵاتدارانی تورکیا سەبری ئۆزۆنی سەرۆکی یەکەی هەواڵگریی میتیان
لە پۆستەکەی دوورخستبۆوە و پلە ئەمنیی و چەک و ناسنامەکەیان لێوەرگرتبۆوە، ئەوەش
بەهۆی ئەوەی لە تویتێکدا پشتیوانیی جینان کەفتانچی ئۆغڵووی سەرۆکی لقی شاری
ئەستنەبووڵی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)ی کردبوو کە بەبڕیاری دادگا بڕیاری زیندانیکردنی
بۆ دەرچووبوو.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی