سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارە دەبێتەوە..شیعه‌كان پارتى‌و یه‌كێتى تۆمه‌تبارده‌كه‌ن

کوردستان

05/07/2022‌ 5196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی عێراقیی ڕایگەیاند، نزیکترین سیناریۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەژێر سایەی بەردەوامی ململانێی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، بریتییە لەدوبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2018 لەناو پەرلەمانی عێراقدا، شیعه‌كانیش ده‌ڵێن:"هۆكارى دره‌نگ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق، یه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆماره‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتیدا".


سەعد مەتڵەبی سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەو دانوستان‌و لەیەکتێگەیشتنانەی لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو پارتی سەرەکیی کوردیی، (یەکێتی‌و پارتی)دا کراون، نەیگەیاندوونەتە ئاستی ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

مەتڵەبی هەروەک وتویەتی:"بەردەوامی ناکۆکییەکانی یەکێتی‌و پارتی لەسەر دیاریکردنی کاندێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەقۆناغی داهاتوودا، وادەکات پڕۆسەی سیاسیی لەوڵاتدا زیاتر پەکیبکەوێت".

جەختیشیکردۆتەوە، پێدەچێت نزیکترین سیناریۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە بریتی بێت لەوەی هەریەکە لەیەکێتی‌و پارتی بەکاندیدی خۆیان بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارەبێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، جەودا غەزالی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ئەوەی زیاتر دەست‌و پێی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەستووە بۆئەوەی نەتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، ئەو دانوستانانەیە کە لەنێوان یەکێتی‌و پارتی لەسەر دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەنجامیان دەدەن.

ئاشکراشیکرد، "چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتە کوردییەکان دەستی بەجوڵەیەک کردووە بۆئەوەی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون‌و هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتی نوێ بنرێت".

دوێنێش محەمەد سەیهود پەرلەمانتەری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەی ڕۆژی پێشتری دەوڵەتی یاسا بەکۆی دەنگ (نوری مالیکی)یان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاریکردووە.

باس له‌وه‌شده‌كات، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت کردووە،  هەروەک هیواشی خواستبوو کە هەردوو حزبی کوردی (پارتی‌و یەکێتی) لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون، چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆتە ڕێگر لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.