بۆ دووه‌م جار له‌سلێمانى هێز به‌رامبه‌ر سه‌رمایه‌دارێك ده‌جوڵێندرێت

کوردستان

23/07/2022‌ 1749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سلێمانی کە بەپیشەسازیترین شاری عێراق ناودەبرێت، ئەگەر لەدوورەوە تەماشای بکەیت هەستدەکەیت هەموو شتێک وەک ئاو دەڕواو هیچ کێشەیەک لەوەبەرهێنان‌و کاری بازرگانیدا نییە، بەڵام کە کاتێکی کەم بۆ لێکۆڵینەوە لەبابەتەکە تەرخاندەکەیت بۆت دەردەکەوێت دەستوەردانی بەرپرسانی حزب‌و پاسەوان‌و چواردەورەکەیان لەسنوری سلێمانی تەنانەت گەیشتووەتە ئەو لەفە دوو هەزار دینارییەش کە هاوڵاتیان دەیخۆن‌و دەبێت هەندێک لەچێشتخانە خاوەن موشتەریی‌و ناسراوەکان پشکیان تیایدا هەبێت.


وەک چۆن پێش ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز دەستوەردان لەکاری بازرگانی‌و هەراسانکردنی بازرگانان بەچڕی هەبوو، لەدوای هەشتی تەمموزیشەوە بەهەمان ئەندازەو بەشێوەی جیاواز بەردەوامە، ئەگەر پێشووتر کۆمپانیا سنوردارەکان هەراسانبکرانایە، لەدوای هەشتی تەمموزەوە کۆمپانیا گەورەکان ھەراساندەکرێن‌و لەسەر پشک پشکێنەو پچڕاندنی بەشی زیاتری کێکی سەرمایەکەیان خودی سەرمایەداران‌و کۆمپانیاکان دەخرێنە بازنەی سوری بێزارکردن‌و ھەڕەشەلێکردنەوە.

لەوڵاتاندا دەستوەردانی سێکتەری سەربازیی لەسێکتەری بازرگانیی تاوانە، کار گەیشتووەتە ئەوەی لەعێراق کە وڵاتێکی دواکەوتووە لەڕوی بەڕێوەبردنەوە موقتەدا سەدری ڕێبەری سەدر داوابکات حەشدی شەعبی لەکاری بازرگانیی دوربکەوێتەوە، واتا دیاردەی تەنگپێهەڵچنینی بازرگانان بەزەبری چەک دیاردەیەکە لەو شوێنانە خۆی بەدیاردەخات کە یاسا تیایدا سەروەر نییە.

بەپێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرھێنەرانەرانی کوردستان لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین بازرگانی سلێمانی ناچاربوون کارەکانیان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان یان شارەکانی دیکەی عێراق بگوازنەوە، واتا لەژێر زەبری ھێزو چەکدا دووجار زوڵم بەرامبەر بازرگانەکان کراوە، جارێک وەک هاوڵاتی کورد لەزێدی خۆیان هەڵکەندراون، جارێکیش وەک بازرگان ناچار بوون هەرێم جێبهێڵن.

دیاردەی تەنگپێهەڵچنینی بازرگانانی سلێمانی جگەلەوەی لەلایەن کەسانێکەوە کە چەکدارن‌و بەزەبری چەکەکانیان ئەوکارە دەکەن، هیچ ڕەهەندێکی یاسایی نییە، چونکە دۆسیەی هیچ بازرگانێک نەدراوەتە دادگاکان بۆئەوەی ئەگەر بازرگانێک لەڕووی یاساییەوە کێشەیەکی هەیە دادگا یەکلایی بکاتەوە.

هێرشکردنەسەر بازرگانان، ترساندن‌و دەستگیرکردنیان جگەلەوەی لێدانە لەناوبانگی شاری سلێمانی، هاوکات لێدانە لەشکۆی دادگاش، چونکە هیچ کام لەوکارانە بەفەرمانی ڕاستەوخۆی دادگاو لەلایەن هێزە نیزامی‌و فەرمییەکانی دەوڵەتەوە ئەنجامنەدراون، بەڵکو گروپی بچوکی چەکداریی بەکارەکە هەستاون.

ھەلکوتانە سەر بازرگانان‌و خاوەنی گەورە کۆمپانیاکان بەدرێژایی چەند ڕۆژێک دۆخێکی نا ئارام‌و شڵەژاوی ئەمنی لەنێو ھاوڵاتاندا دروستدەکات‌و دەبێتە ھۆی نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی‌و دروستبونی دوودڵی لەنێو دڵی ھاوڵاتیاندا، بەجۆرێک کاریگەیەکانی لەسەر جوڵەی بازاڕ دەردەکەون.

لەماوەی ڕابردودا ژمارەیەک جوڵەی ھەڵکوتانەسەر بازرگانان‌و دروستکردنی مەترسی لەسەریان ڕویداوە، کۆمپانیای قەیوان کە گەورەترین کۆمپانیای زۆنی سەوزە لەبوارە جیاوازەکاندا لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دووجار هێزی ئەمنی بەرامبەر جوڵێنراوە بەبێئەوەی ھیچ دۆسیەیەکی ڕونی دادگای لەسەربێت‌و لەلایەن گروپ‌و ھێزە کەسی‌و حزبیەکانەوە ھەراسانکراوەو فشارەکان وایانکردوە کارگەیشتووەتە ئەوەی ستراتیژیترین پڕۆژەی سلێمانی کە شەقامی 100 مەترییە کێشە بۆ پێدانی پارەی جێبەجێکردنەکەی دوستکراو بەشێک لەکارەکانی ڕاگیران‌و دواتر کۆمپانیاکە بەڕاگەیەنراوێک لەسەر ئەرکی خۆی دەسپێکردنەوەی کارەکانی ڕاگەیاند.

ئەوەی لەو پرسەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، هەندێک کۆمپانیاو سەرمایەدار بەئاشکرا زیادەڕەوییان کردووەتەسەر موڵکی حکومەت‌و پارەی ھاوڵاتیانیان قۆرخکردوە، هەندێکیان سامانەکانیان ڕۆژانە بەشێوەیەکی خەیاڵی زیاد دەکات، بەڵام گروپە چەکدارەکان بەرامبەر ئەو سەرمایەدارانە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

شەوی پێنجشەممە هێزێکی چەکدار دەروازەکانی چونە نێو هۆتێل گراند ملینیۆمی گرت کە شوێنێکی بازرگانی‌و گەشتاریی دیاری شارەکەیەو دەیانویست کەسێک لەهۆتێلەکە دەستگیربکەن کە بەوتەی ئەوان داواکراوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە خودی هێزەکەیە کە بەپێی یاسا پۆلیس‌و ئاسایش یاخود دژە تیرۆر دەتوانن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران جوڵەیان پێبکرێت، بەڵام ئەو هێزەی شەوی پێنجشەممە لەهیچ کام لەو سێ هێزە نەبوو.

ئەوە بۆ جاری دوەمە لەژێر ناوی جیاوازدا ھێز بەرامبەر پڕۆژەو بەرژەوەندیە داراییەکانی سەرمایەدارێکی دیاری شاری سلێمانی بجوڵێنرێت کە خاوەنی چەندین پڕۆژەی بازرگانی گەورەیەو سەرجەمی سەرمایەکەی لەسلێمانیدا بەگەڕخستوەو ئەمجۆرە جوڵە ئەمنیانەش بەرامبەر سەرمایەداران دەبیێتە ھۆی لێدان لەشکۆو سەرمایەو بەرژەوەندیە داراییەکانیان.

هەراسانکردنی بازرگانان لەڕووی ئابوورییەوە گورزێکی گەورەی لەسلێمانی داوەو لەئێستادا بەشێک لەبازرگانان ئامادەنین سەرمایەکانیان لەخزمەت شارەکە بەکاربهێنن، ئەوەش لەترسی ئەوەی لەلایەن چەکدارەکانەوە ناچار بەپێدانی پشک بکرێن.

ئەوەی تەماشای دۆخی سەرمایەدارە گەورەکانی سلێمانی بکات دەگاتە ئەو ڕاستیەی کێشەی چەکدارەکان لەگەڵ سەرمایەداران لەبەر دوو هۆکارەو سێیەمی نییە، یەکەم ئەوەیە کە بەرپرسان دەیانەوێت پشکیان لەسەرمایەکاندا هەبێت.

دوەمیش ئەوەیە کە بەرپرسان دوای ئەوەی دەگەنە ئەو ڕاستیەی ناتوانن پشکیان لەسەرمایەی بازرگانە گەورەکانی سلێمانیدا هەبێت، دەیانەوێت بەڕێگەی هەڕەشەو تەنگپێهەڵچنین ئەو سەرمایەدارانە ناچار بەجێهێشتنی سلێمانی بکەن، تا لەجێگەی ئەوان سەرمایەداری هەڵتۆقیو جێگیر بکەن.

ئەوەی کە لای ھاوڵاتیان جێگەی پرسیارەو پێویستی بەوەڵامی جدی ھەیە ئەوەیە ئاخۆ خودی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەشێکە لەمکارانەی کە بەرامبەر سەرمایەدارانی سلێمانی دەکرێت یان نەخێر ئەوە گروپەکانی حزبەکەی ئەون‌و لەکۆتایدا بەبڕیارێک ھەموان ڕادەگرێت‌و مانەوەی سەرمایەداران لەسلێمانی‌و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەگرنگتر لەجوڵەی گروپ‌و ھێزە چەکدارەکان دادەنێت‌و لەپێناو ھێشنەوەی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرمایەداران لەزۆنەکەی ژێر دەسەڵاتیدا دەستی ھەموو ئەوانە دەبرێت کە دەستدرێژی دەکەنەسەر بەرژەوەندی سەرمایەداران.