7 خوی تەندروستیی مەترسیی توشبون بەسەکتەی مێشک کەمدەکاتەوە

تەندروستی

26/07/2022‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی،  ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی تەندرووستیی کە توێژەرانی زانکۆی "هیوستن" لەئەمریکا ئەنجامیانداوە دەریخستووە، حەوت خوی تەندروستیی هەیە لەکاتی پەیڕەوکردنیان مەترسییەکانی تووشبوون بەسەکتەی مێشک بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

ئەوەی زانراوە بەتەمەنداچوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەرەکێشان، قەڵەویی، ستایلێکی نادرووستی ژیان‌و نەخۆشێی شەکرە لەو هۆکارانەن کە مەترسییەکانی تووشبوون بەسەکتەی مێشک زیاد دەکەن.

بەڵام توێژەرانی زانکۆی هیوستن لەئەمریکا لەئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر 11500 کەسی پێگەیشتوو کە لەناوەڕاستی تەمەنیاندا بوون‌و ماوەی 30 ساڵ چاودێریی دۆخی تەندرووستییان کردوون، بۆیان دەرکەوتووە کە 7 خووی تەندرووستیی رۆژانە کە کۆمەڵەی دڵی ئەمەریکی ناویناوە "Life's Simple 7"، بەڕێژەی لەسەدا 50 کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەسەکتە هەیە، کە ئەوانیش بریتیین لە:

"پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی تەندرووست، وەرزشکردنی بەردەوام، دوورکەوتنەوە لەجگەرەکێشان، کەمکردنەوەی کێشی جەستە، ڕاگرتنی پەستانی خوێن بەهاوسەنگی، کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی کۆڵیتسرۆل‌و کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکری ناو خوێن".

و: ئاکۆ ئاڵی