شارپرێس:
مانگی ڕابردوو وەزارەتی دادی توركیا ڕۆژێک پێش وادەی كۆتایهاتنی تانەلێدان، تانەیدا لەدوەمین بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەدەستبەسەركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەوەش بوە هۆی دواكەوتنی ئازادكردنی دەمیرتاش، دهمیرتاش-یش لهپهیامێكدا دهڵێت، "بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گرنگەو لەڕوی یاساییەوە پابەندکەرە".
وەزارەتی دادی توركیا لەتانەکەیدا داوای پێداچونەوەی بەبڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كرد سەبارەت بەدەمیرتاش لەفەرمانگەی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، لەوەڵامدا فەرمانگەی باڵای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تانەکەی وەزارەتی دادی ڕەتکردەوە، بەم ڕەتکردنەوەیەش، ئێستا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی پێشێلکردنو ئازادکردنی دەمیرتاش بوەتە بڕیاری کۆتایی.
دوای بڕیارەکەی دادگا، سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی لەهەژماری تایبەتی خۆی لەسەكۆی "ئێكس" بڵاوکردەوەو نوسیویهتى، "گومانی تێدانییە کە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گرنگەو لەڕوی یاساییەوە پابەندکەرە، بەڵام نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ 86 ملیۆن هاونیشتمانیان، یاسای برایەتی نێوانمان لەهەموو شتێک بەنرخترە".
دەمیرتاش ئهوهشى باسكردوه، "پێویستە پرسەکان ڕوانگەی سەرکەوتن یان شکست چارەسەرنەكرێن، یان ڕقو کینە یان تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو لەڕوانگەی دانایی هاوبەش بۆ داهاتوی هاوبەشمان چارەسەربکرێن".
لهوبارهیهوه جپارتی یەكسانیو دیموکراسی سەبارەت بەڕەتکردنەوەی تانەکەی وەزارەتی دادی ئەوروپا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە بەیاننامەیەكی بڵاوکردەوەو ئاماژهى بهوهداوه، "لەکۆبونەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تانەکەی حکومەت ڕەتکرایەوە، بۆیە بڕیارەکە سەبارەت بەدەمیرتاش کۆتاییە، دەبێت هاوڕێکانمان بەبێ دواکەوتن ئازادبکرێن".
     
        
             
            
          
			
				