ڕێبەری ئێران مەرجەکانی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هاوکاری نێوان تاران و واشنتۆن مەحاڵە تا ئەو کاتەی ئەمریکا پشتیوانی ئیسرائیل بکات و بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکە بکات.

میدیای دەوڵەتی ئێران لە زاری خامنەییەوە نووسیویەتی: “ئەمریکییەکان هەندێک جار دەڵێن دەمانەوێت هاوکاری ئێران بکەین. بەڵام هاوکاری لەگەڵ ئێران مەحاڵە تا ئەو کاتەی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانی ئیسرائیل و پاراستنی بنکە سەربازییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکە.”

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کاتێک تاران ئامادەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، “دەستی دۆستایەتی و هاریکاری بۆ ئێران درێژکراوە”.

دوو وڵات پێش شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پێنج خولی دانوستانی ئەتۆمییان ئەنجامدا و واشنتۆنیش بە لێدانی شوێنە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشداریی شەڕەکەی کرد.

دانوستانەکانی نێوان هەردوولا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەوە، وەک چالاکییەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، کە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت نەمێنێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەرەپێدانی چەک و داواکارییەک کە تاران ڕەتیدەکاتەوە.
ئ.ه