شارپرێس:
سیپان حه‌مۆ ده‌ركه‌وته‌وه‌و له‌په‌یامێكدا هۆشداریى به‌دیمه‌شق ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەندێک له‌پایته‌ختى سوریاوه پێیانوایە سوریا بوه‌تە چوار کایەو چوار به‌ش، بەڵام له‌ڕاستیدا سوریا زیاتر لە40 به‌شه، هەریەکەشیان دەسەڵاتی خۆیان‌و ئەجێندای تایبەت بەخۆیان هەیە"، ده‌شڵێت، "سوریا ئێستا پێویستی بەعەقڵی ئازادە کە ئەم وڵاتەی خۆشبوێت".
فه‌رمانده‌یه‌كى باڵا‌و دیارى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) كه عه‌ره‌به‌و خه‌ڵكى ئیدلبى سوریایه، گفتوگۆیه‌كى نێوان خۆیى‌و سیپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ى گشتیى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه) ئاشكراده‌كات.
ئەبو عومەر ئیدلبى فه‌رمانده له‌ئه‌نجومه‌نى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده) نوسیویه‌تى، "لەگەڵ هەڤاڵ سیپان حەمۆ کۆبومەوە، گفتوگۆیەکی دورودرێژمان لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی‌و سوریای نوێ کرد، ئه‌و سه‌رنجى زۆر گرنگى له‌سه‌ر ئێستا‌و ئاینده‌ى سوریا هه‌بوو، پێی وتم: ئێمە یەکگرتویی نەتەوەیی ڕاستەقینەمان دەوێت کە ئامانجەکانی شۆڕش بەدیبهێنێت، نەک یەکێتییەکی ڕوکەش بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانی دیکە".
ئیدلبى به‌بێ ئاماژه به‌سه‌رنجه‌كانى خۆى، گرنگى به‌په‌یامه‌كانى سیپان حه‌مۆ-داوه‌و به‌ش به‌ش به‌مشێوه‌یه قسه‌كانى سیپان-ى بڵاوكردوه‌ته‌وه:
ـ ئێستا سوریا خراپترین قەیرانی ناوخۆیی بەخۆوە دەبینێت‌و دەبێت یەکڕیز بین بۆ ڕزگارکردنی، ئەمەش تەنها لەڕێگەی جێبەجێکردنی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی‌و دادپەروەریی بۆ هەموو سوریاییەکان ده‌توانین ئه‌نجامى بده‌ین.
ـ ئەبو عومەر، کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان (مه‌به‌ست ده‌سه‌ڵاتى دیمه‌شق‌و گروپه چه‌كداره‌كانه) هەمان ئەوکەسانەن کە ڕێککەوتنەکەیان لەسەر بنەمای لامەرکەزی ئیداریی لەکۆنفرانسی ڕیاز لەساڵی 2015 واژۆکردوە، بەیاننامەی کۆنفرانسی ڕیاز کە لەلایەن گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە واژۆکراوە، بەڕونی باس لەوەکراوە.
ـ ڕێککەوتنی لامەرکەزی کە لەڕیاز واژۆکرا، یەکەم هەوڵی جددی بوو بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر، دەوڵەتێک کە کەرامەتی تێدا هاوبەش بێت، نەک دەسەڵات.
ـ ئێمە داوای شتێکی نوێ ناکەین، ئێمە تەنها داوای جێبەجێکردنی ئەو شتە دەکەین کە 10 ساڵ لەمەوبەر، ئه‌وان (مه‌به‌ست لایه‌نه سوریه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى به‌شار ئه‌سه‌دى ئه‌وكات)ه، لەسەری ڕێککەوتبون.
ـ ده‌مه‌وێت به‌هه‌موان بڵێم، ئێستا سوریا پێویستی بەناوچه‌ى کاریگەرو هێزى كاریگه‌ر نییە، بەڵکو ئێستا ئه‌م وڵاته پێویستی بەعەقڵی ئازادە کە ئەم وڵاتەی خۆشبوێت.
ـ ئێمه وه‌ك كورد‌و هه‌سه‌ده‌و یه‌په‌گه، باوەڕمان بەدەوڵەتێکی مەدەنی بۆ سوریا هه‌یه كه سەروەری ئەو دەوڵەتە بەسەر هەموو خاکەکەیدا هه‌بێت، لەسەر بنەمای پرەنسیپی لامەرکەزی ئیداریی.
ـ جه‌ختیشده‌كه‌ینه‌وه‌و ده‌یسه‌لمێنین، ئەم پرەنسیپ‌و باوه‌ڕه‌مان پرۆژەیەکە بۆ مانەوەو دادپەروەریی، ئامانجیشمان ئەوەیە سوریا بەعەقڵی ده‌وڵه‌تمه‌دارى مه‌ده‌نى بەڕێوەبچێت، نەک بەعەقڵی فەرمانگەى ئه‌منیى‌و هێزى سه‌ربازیى‌و شۆڤێنیه‌ت.
ـ زۆر به‌داخه‌وه، ئەمڕۆ دوای ڕوخانی دەسەڵات‌و گۆڕانی داینامیکی دەسەڵات، ئەوانەی دوێنێ پشتگیریان لەلامەرکەزیی ده‌کرد، ئێستا یەکەم کەسن کە دژایەتی دەکەن‌و بەخیانەتیش ناوى ده‌به‌ن.
ـ له‌ڕاستیدا هەندێک پێیانوایە ئێستا سوریا دابه‌ش بوه به‌سه‌ر چوار ناوچه‌و به‌شى جێ نفوزدا، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زیاتر لە40 کایەو ناوچه‌یه‌و هەریەکەشیان دەسەڵاتی خۆیی‌و ئەجێندای تایبەت بەخۆیان هەیە، تەنانەت دەوڵەت خۆیشی ئێستا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان بەم واقیعەدا دەنێت.
ـ ده‌مانه‌وێت بۆ هه‌موان له‌ناوخۆى سوریا‌و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیشى ڕون بكه‌ینه‌وه، کێشەى ئێستاى سوریا لەلامەرکەزییەتدا نییە وه‌ك پره‌نسیپ‌و سیستم، بەڵکو زیاتر لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە یەکپارچەییەیه کە هەموو شتێکی دەوێت‌و بەشداریکردنى ئه‌وانى دیكه ڕەتدەکاتەوەو لەهەر دەنگێکی ناڕازیی دەترسێت، وەک ئەوەی ئازادی مەترسی بێت‌و بەشداریکردنیش هەڕەشە.
