هەڵاوسان و بەرزی نرخ، ژیان لەتورکیا زەحمەت دەکات

ڕاپۆرت

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 403 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لە سەرەتای ساڵی 2025وە تورکیا شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخ و تێچووی ژیانی لە تەواوی بوارەکان بەخۆیەوە بینیوە، لە کرێخانوو،  گواستنەوە تا نرخی خۆراک و تەنانەت خزمەتگوزارییە تەندروستیی و پەروەردەییەکان. ئەمەش گوشارەکانی سەر دانیشتوانی زیاتر کردووە.

داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکیا  ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 68% بەرزبووەتەوە تا کۆتایی چارەکی سێیەمی ئەمساڵ، لەکاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵای بنەڕەتی 100%ی تێپەڕاندووە.

قەیرانی نیشتەجێبوون لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر بارگرانییەکی گەورەیە بۆ دانیشتوان.

تێکڕای کرێی شوقەی بچووک لە ئەستەنبوڵ لە ناوچەکانی چینی مامناوەند مانگانە بۆ نێوان 22 هەزار بۆ 30 هەزار لیرەی تورکی بەرزبووەتەوە،  لە ناوچەکانی ناوەڕاستی وەک شیشلی، بێشیکتاش، و کادیکۆی نرخەکان 50 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە.

محەمەد  سوریاییەکی دانیشتووی فاتحە بۆ ماوەی حەوت ساڵ، دەڵێت؛ "لە ساڵی 2021دا شەش هەزار لیرەمان دەدا، ئەمڕۆش هەمان خانووە 25 هەزار لیرە کرێیەتی، تەنانەت ئۆفەرە کۆنەکانیش بەردەست نین، خاوەن خانووەکانیش داوای پارەدان دەکەن چەند مانگێک پێشوەختە."

بازاڕەکانی تورکیا نزیکەی هەفتانە هەڵاوسانی نرخی خۆراک بە تایبەتی بۆ ڕۆن و شەکر و برنج بەخۆیەوە دەبینێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی تورکیا، تێکڕای تێچووی سەبەتەی خۆراک بۆ خێزانێکی چوار کەسی بۆ 19 هەزار لیرەی تورکی لە مانگێکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنها 11 هەزار لیرەی تورکی بووە.

جێگای سەرنجە ئێستا زنجیرە مارکێتە گەورەکان داشکاندنی وەرزی زۆر سنوردار دەکەن، لە کاتێکدا دوکانە بچووکەکان بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی نرخەکان بەهۆی تێچووی گواستنەوە و وزەوە.

گواستنەوەی گشتی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان ڕزگاری نەبووە.

شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا دەستکاریکردنی نوێی کرێی گواستنەوەی گشتی ڕاگەیاند و نرخی بلیتی میترۆ و ترام بۆ 19.7 لیرە و بلیتی پاسی بۆ 25 لیرە بەرزکردەوە.

هاوکات دانیشتووانی شارەکە گلەیی لە خاوبوونەوەی خێرایی خزمەتگوزارییەکانی میترۆی نوێ و زیادبوونی قەرەباڵغی بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای شارەکە دەکەن.

لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە پارەی کارەبا و ئاو و غاز زۆرجار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی داتاکانی حکومەت، تێکڕای پارەی کارەبای ماڵان بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 45% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە هەندێک پارێزگای ساردتر وەک ئەرزروم و وان، پارەی غازی سروشتی بە ڕێژەی 60% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، ئەوان بەلایەنی کەمەوە بەڕێژەی 25% زیادبوونیان بەخۆوە بینیوە، لەگەڵ مانەوەی کوالێتی نزمی خزمەتگوزارییەکان لە نێوان کۆمپانیاکان .
ئ.ه