شارپرێس:
نەجیب غەزبان، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا، ڕایگەیاند، پەیوەستنەبوونی سوریا بە هاوپەیمانی دژی داعشەوە تائێستا پەیوەندی بە پێکهاتە و ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە هەیە.
غەزبان لەلێدوانێکدا دەڵێت "یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە سوریا کرد زووتر پەیوەندی بە هاوپەیمانی دژ بە داعشەوە بکات، بوونی کێشە چارەسەرنەکراوەکانە کە پەیوەندییان بە پێکهاتەکانی فەرماندەیی و ڕۆڵی هێزەکانی هەسەدەوە هەیە".
ڕۆژی شەممە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا ئاشکرایکرد، سوریا نزیکە لە پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بڕیارە ڕۆژی 10ی ئەم مانگە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا سەردانی واشنتۆن بکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
غەزبان ڕونیشیکردەوە، حکومەتی سوریا درک بەوە دەکات کە "پێشکەوتن بە بێ ئاڕاستەکردنی ئەو بەشەی وڵات ناکرێت"، بە ئاماژەدان بەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵکراون.
هۆشداریشیدا لەوەی "ئەگەر ڕێککەوتنێک نەکرێت، گرژییە بنەڕەتییەکانی نێوان دیمەشق و کورد ڕەنگە پەرە بسێنێت".
ئ.ه