له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چى ڕوو ده‌دات؟ هاوپه‌یمانیه‌كه‌ى سودانى زانیاریى ئاشكراده‌كات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1765 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی "ئاوەدانی‌و گەشەپێدان" کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی دەکات ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو نەخشەی سیاسیی بۆ 25 ساڵی داهاتوو دەکێشێت"، ده‌شڵێت، "لیستە سوننەکان لەبەغدا دەنگەکانیان چاوەڕواننەکراو دەبێت".


تاڵب یەساری ئەندامی په‌رله‌مان‌و کاندیدی هاوپەیمانییەیەکی سودانی ڕایگه‌یاند، "پێموایە ئەم هەڵبژاردنە بناغەی 25 ساڵی داهاتوو دادەنێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2005، ڕێژەی بەشداریش زۆر دەبێت، هێزو فراكسیۆنی نوێ دروستدەبن هاوشێوەی 20 ساڵ لەمەوبەر".

ده‌شڵێت، "لەم هەڵبژاردنەدا سوپڕایز ڕودەدات، لەبەغدا هاوپەیمانییە سوننەکان ژمارەیەکی زۆر کورسی بەدەستدەهێنن ئەمەش مافی خۆیانە، شیعەكانیش دەبێت ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە بۆ ئەوەی بگەینە ژمارەیەکی پێویست لەکورسییەکان، چونکە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پۆستی گرنگ‌و سیادی".

دوای ئەوەی سکاڵای لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دژی سودانی تۆماركرد، بەهۆی ئەوەی گوایە پێگەو سەروەتی دەوڵەتی لەبانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوەو داوای دورخستنەوەی دەکرێت، تاڵب یەساری بەرگریی لەسودانی کردو ڕایگەیاند، "حکومەتی سودانی پارەی دەوڵەتی بەکارنەهێناوە، بەڵام زۆرێک لەو وەزیرانەی کە کاندیدکراون لەهەڵبژاردن، تواناو پێگەی وەزارەتەکانیان لەهەڵبژاردنەکاندا قۆستوەتەوە".