شارپرێس:
ڕۆژنامەیهكى بەریتانی ئامانجی سەرەکیی تورکیا لهئهگهرهكانى هێرشكردنهسهر ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "تاكه ئامانج لەدەستێوردانی توركیا لهسوریا بریتییە لەلێدانو لاوازکردنی کورد".
ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "پلانی گەورەی تورکیا لەسوریا چییە؟" بڵاوكردۆتهوهو ئاماژهى بهوهكردووه، دۆخی ئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارییە سورییەکانی لایەنگری ئەنکەرەدایە وەک ئەوە وایە لەویلایەتێکی سەر بەتورکیادا بێت، بەشێوەیەک ئاڵاو پەروەردەو فێرکردنی تورکیو بەکارهێنانی دراوی تورکیو ئەنجومەنە ناوخۆییەکانیان سەرجەمیان هاوشێوەی ناوخۆی تورکیایە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت:"لەدوای 11 ساڵ لەدەستپێکردنی قەیرانی سوریا، ئێستا ڕونبۆتەوە کە ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەسوریا بریتییە لەلێدانو لاوازکردنی کورد.
دەشڵێت:"ئەوەی زیاتر ئەنکەرەی نیگەرانکردووە ئەوەیە کە ئەمریکا لەبەرەنگاربونەوەی گروپى تیرۆریستى داعش لەپاڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا وەستاوەو پاڵپشتیان دەکات.
ئەوەش هاتووە، "لەچەند خاڵێکی جیاوازی سوریادا، تورکیا ڕاهێنان بەنزیکەی 50 هەزار چەکداری سوریی دەکاتو موچەیان بۆ دابیندەکات، هەروەک چۆن سوپاکەی لەناو ئەو وڵاتەدا بڵاوکردۆتەوەو چەندین بنکەی سەربازیی گەورەی لەسەر خاکەکەی دروستکردوەو بەدرێژایی 873 کیلۆمەتریش دیوارێکی جیاکەرەوەی سنوریی بونیادناوە".
ڕۆژنامە بەریتانییەکە لەزاری بەرپرسی دامەزراوەیەکی هێزی تورکییەوە گواستوویەتییەوە کە وتویەتی، ساڵانە دەستتێوەردانە سەربازییەکان نزیکەی دوو ملیار دۆلار خەرجی لەسەر تورکیا دەکەوێت، جگەلەوەی ئەو وڵاتە نزیکەی 4 بۆ 5 هەزار سەربازی لەو ناوچانەدا بڵاوکردوونەتەوە کەلەژێر کۆنترۆڵیدان، هەروەک نزیکەی 8 هەزار سەربازیشی لەهەرێمی ئیدلبدا جێگیرکردووە.
لای خۆیشییانەوە چەند دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی بەرۆژنامەکەیان وتووە، ئاماژە گەلێکی کەم هەیە دەریبخات تورکیا ڕاهێنانی سەربازیی جدی بەسوپاکەی بکات کە نیشانە بێت بۆئەوەی کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان نزیک بێت.
ئەو دیبلۆماتکارە ڕۆژئاواییانە ئەوەشیان وتووە، ڕوسیاو ئێرانو ئەمریکا هۆشدارییانداوەتە ئەنکەرە بەوەی چیدیکە دەستتێوەردانی سەربازیی لەسوریاندا نەکاتو چیتر نەچێتە قوڵایی خاکی ئەو وڵاتەوە، بەوپێیەی ڕەنگە هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێ سەربکێشێت بۆ ڕودانی شەڕێکی گەورە.
سەرچاوەیەکیش لەشاری عهزاز بەفاینانشاڵ تایمزی وتووە، "لەگەڵ ئەوەی گرووپە چەکدارییە سورییەکان باش دەزانن تورکیا لەناوچەکەدا تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیەتی نەوەک بەرژەوەندیی سورییەکان، بەڵام هێشتا ملکەچیو گوێڕایەکی ئەنکەرەن".
ڕۆژنامەکە پێیوایە، چەند فاکتەرێک وایانکردووە ئەنکەرە هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی بکات لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بریتین لەبۆچوونی تورکیا بەوەی ڕوسیاو وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە نایانپڕژێتە سەر قەیرانی سوریا، جگەلەوەی ئەردۆغان دەیەوێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 ئاستی جەماوەریی خۆی بەرزبکاتەوە.