شارپرێس:
ڕۆژنامهیهكى بهناوبانگى بهریتانى لهبارهى دۆخى عێراقهوه زانیاریی ئاشكراكردووهو ڕایدهگهیهنێت، "ئێران گەورەترین سودمەندی ململانێی دەسەڵاتە لەعێراقدا"، دهشڵێت:"هەوڵەکان بەئاڕاستەی چەسپاندنی دیموکراسی لەعێراق شکستدەهێنێت".
ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق لەژێر ناوی "ئێران گەورەترین سودمەندی ململانیی دەسەڵاتە لەعێراق" بڵاوکردۆتەوەو جهختدهكاتهوه، لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هیچکات وەک ئێستا دیمەنی سیاسیی ئاڵۆز نەبووە، ئەمەش گریمانەی ئەوە دێنێتە کایەوە کە هەموو هەوڵەکان بەئاڕاستەی چەسپاندنی دیموکراسی لەعێراق شکستدەهێنێت.
لەو ڕاپۆرتهدا هاتووە، "لەژێر سایەی ئەو ململانێیەی لەناو هێزە سیاسییەکاندا هەیە ئومێد هەڵچنین لەسەر دروستکردنی حکومەتێکی نیشتیمانییو دوور لەبەحزبیکردنو پشکپشکێنە لەعێراقدا نزیکە لەنەبوونەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکۆتاییدا ئێران وەک گەورەترین سودمەند لەپڕۆسەکە دەردەچێت ئەویش لەڕێگای زیاتر کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەوڵەتو سەپاندنی مەرجەکانی خۆی بەسەر هێزە سیاسییە عێراقییەکاندا.
ڕۆژنامەکە هەروەک دەڵێت:"هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران هاوکات لەگەڵ هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی پەرلەمان لەلایەن لایەنگرانی سەدر دژ بەکاندیدکردنی سودانی، سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییدا کۆبۆوەو دوای کۆبونەوەکەش بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبەیاننامەیەکدا سوربونی خۆیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتو تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکانیان دووپاتکردەوە".
گاردیان باسی لەوەکردووە، دیمەنی سیاسیی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا بریتی دەبێت پڕکردنی شەقام لەلایەن لایەنگرانی هەردوو لایەنی ململانێکە لەسەر دەسەڵات (ڕەوتی سەدر)و (چوارچێوەی هەماهەنگی) کە پێدەچێت توندوتیژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە ببینێت کە هۆکارە ڕاستەخۆکەی بریتییە لەپێکهێنانی حکومەت.
