سەرۆک کۆماری عێراق داوای سزادانی تێوەگلاوانى کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان دەکات

عیراق

02/08/2022‌ 384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە پەیامێکدا بەبۆنەى هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتدەکاتەوە لەگرنگی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و راپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.

لەپەیامەکەیدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندوە" بە ئازارێکی زۆرەوە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە کە چەتەکانی داعش دژ بە رۆڵەکانمان ئەنجامی دا و مەرامیان بوو ناسنامەی ئێزیدییەکان بە یەکجاری بسڕنەوە، ئەو تاوانە لاپەڕەیەکی خەمبار و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، چونکە تیرۆرستان جیاوازییان نەکرد لە نێوان پیاو و ژن و منداڵ و بەساڵاچووان، بۆیە بەیەکێ لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ پێناسە دەکرێت".
سەرۆک کۆمار ئاماژەى بەوەشکردوە، بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژ بە مرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن.

هەروەها جەختیکردوەتەوە لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و بە دۆکیومێنتکردنی، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هاوکات سەرۆک کۆمار ئەوەشى خستەڕوو، پەسەندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدییەکان ئەرکێکی بچوک بوو ئەنجاممان دا، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پتەوکردنی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی 2700 کوڕ و کچ، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و شادکردنەوەیان بە کەسوکاریان.
س.هـ