شارپرێس:
چاودێرانی دۆخی سیاسیی عێراق پێیانوایە، هیچ خاڵێکی کۆکەرەوە لەنێوان ڕەوتی سەدرو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا نابینرێت کە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو قەیرانە سیاسییەی بەرۆکی وڵاتی گرتووە بەزوویی کۆتایی پێبێت، بەوپێیەی قەیرانەکە فرەڕەهەندەو بەشێکی پەیوەستە بەسیستەمی سیاسیی (دەستوور)و بەشێکیشی پەیوەستە بەڕەفتارو تێگەیشتنی هێزە سیاسیە ناکۆکەکان.
ساڵح لەفتە چاودێری سیاسیی عێراقی بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتووه، بەسەرنجدان لەدیمەنی سیاسیی ئێستای وڵات چاوەڕێی سێ سیناریۆ دەکرێت بۆئەوەی کۆتایی بەو قەیرانە بهێنێتو تاڕاددەیەک سەقامگیریی بۆ پڕۆسەی سیاسیی بگەڕێتەوە.
بەوتەی لەفتە، سیناریۆی یەکەم: بریتییە لەقبووڵکردنی حکومەتەکەی مستەفا کازمیی یان هەر کەسایەتییەکی تر بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە نوێنەرایەتیی ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگیی نەکات، ئەویش تاوەکو هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە بەزووترینکات ئەنجامدەدرێت، ئەوەش گریمانەیەکی بەهێزەو دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 ڕووبداتەوە کاتێک بێ دیاریکردنی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی عادل عەبدولمەهدی کرا بەسەرۆک وەزیران.
دهشڵێت:"سیناریۆی دووەم: بریتییە لەگۆڕینی محەمەد شیاع سودانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیو دیاریکردنی کاندیدێکی تر کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە قبوڵکراوبێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی بەشدارییکردنی ڕەوتی سەدر لەحکومەتی داهاتووداو نەهاتنە دەرەوە لێیو ئەنجامنەدانی خۆپیشاندان دژی".
بەوتەی لەفتە، سێیەم: سیناریۆ بریتییە لەدەستتێوەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بەوەی کام لایەن مافی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەیە بۆئەوەی هەموو لایەنەکان پێی ڕازیی ببنو کۆتایی بەقەیرانەکە بهێنرێت.
