بازرگانیکردن بەشنگالەوە..هەرێم و بەغدا برینەکانى ئێزیدییەکان قوڵتر دەکەنەوە

کوردستان

03/08/2022‌ 840 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوەی هەشت ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدکردنی شنگالدا تێپەڕی، تاوەکو ئێستاش بەشێک لە برینەکانی خەڵکەکەی ساڕێژ نەبووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێهێشتنی ناوچەکە و ڕادەستکردنی بە داعش تۆمەتبار دەکرێت، ئەو حزبەش نابەرامبەری هێز و کاریگەریی کەوتنی موسڵ بە هۆکاری شکستەکە دەزانێت.

 دوای ئەوەی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، نزیکەی دوو هەزار کەسی لە خەڵکی ناوچەکە شەهید کرد و شەش هەزار و ٤١٧ هاوڵاتی ئێزیدی رفاند، دواتر سێ هەزار و ٥٥٤ رفێنراو ئازادكران و تاوەکو ئێستا چارەنوسی دوو هەزار و ٧١٧ ڕفێنراو نادیارە.

ئەمە بێجگە لە وێرانبوونی ناوچەکە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و مالی ئێزیدییەکان بۆ ناوچەکانی تری باشوری کوردستان.

لە دوای ڕوداوەکان و داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن داعشەوە، بڵاوبونەوەی دیمەنی بەجێهیشتنی شنگال لە لایەن بەشێک لە هێزەکانی پیشمەرگەوە لە ناوچەکە، کاردانەوەی خێرا و جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا.

بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و خەلکیش راستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیان بە هۆکاری شکستەکە زانی و تۆمەتباریشیانکرد بە ڕادەستکردنی شنگال بە چەکدارانی داعش، لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەو حزبە تۆمەتەکانیان ڕتکردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد، کەوتنی موسڵ بە ئاسانی و دەستکەوتنی چەکە قورس و بەهیزەکانی سوپای عێراق بە داعش، وای کرد نابەرامبەریییەک لە نێوان هێزەکانی پیشمەرگە و چەکدارەکانی داعشدا دروست ببێت، کە ئەوەش بووە هۆی پاشەکشەی پێشمەرگە لە ناوچەکە.

کاردانەوەکان گەیشتنە پەرلەمان و دروستکردنی لیژنەی لێکۆلینەوە، دواتر لەسەر ئاستی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لیژنەی تر پێکهێنرا، بەڵام وەک هەمیشە بێ ئەنجام مایەوە و تاوەکو ئێستاش بە فەرمی هیچ هێز و لایەنێک بەرپرسیارێتی نەکەوتووەتە ئەستۆ.

ماوە ماوەش بەشێک لەو کچ و ژنانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون، هەڵدەهاتن و خۆیان دەگەیاندە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پیشمەرگە و بەشێکیتر لەو ڕوداوانەیان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکردەوە کە لە کاتی داگیرکردنی شنگالدا بە نادیاریی مابونەوە.

لە دوای مانەوەی داعش لە شنگال بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ، ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی ناوچەکە دەستیپێکرد، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئاسمان و پێشمەرگە و گەریلاش لە وشکانییەوە مهێرشیان کردە سەر داعش لە شنگال و ئازاد کرا.

لە دوای ئازادکردنیشی، ململانێی ڕاگەیاندنی کەوتە نێوان ئەو هێزانەی کە بەشداریان لە ئۆپراسیۆنەکەدا کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئازادکردنەکە و هێزەکانی نزیک لە پەکەکەش خۆیان بە هۆکاری سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە دەزانی.

تەنانەت تاوەکو ئێستاش ئەوە بەردەوامە و ساڵانە لە یادی ئازادکردنەکەیدا لە ڕێگەی لێدوان و بەرنامەی رۆژنامەوانی و وتار و بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەر لایە و هێرش دەکاتەوە سەر ئەوی تر و خۆی بە فریاڕەسی شنگالییەکان ناو دەبات، لە کاتێکدا لە دوای ئازادکردنیەوە بەشی زۆری ناوچەکە کەوتە ژێر دەستی گەریلا و هێزەکانی یەپەشە کە لە بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە پێکهاتوون.

لە ئێستاشدا کە هەشت ساڵ بەسەر داگیرکردن و نزیکەی حەوت سالیش بەسەر ئازادکردنیدا تێپەڕیوە، بە هۆی ململانێ سیاسی و سەربازییەکانەوە، بەشی هەرە زۆری ناوچەکە ئاوادان نەکراوەتەوە و هێشتا تەواوی ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، لە لایەک هێزەکانی یەپەشە و لە لایەکی تریشەوە پێشمەرگە و سوپای عێراق یەکتریی بە هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێک ئاوارەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئێستا شنگال بووەتە مەیدانی ململانێ هەرێمایەتییەکانیش، بە جۆرێک تورکیا و عێراقیش بە مافی خۆیانی دەزانن هەژمونیان لە ناوچەکەدا هەبێت، تورکیا ناوە ناوە بە بیانوی بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە بۆردومان دەکات، عێراقیش بە هۆی ڕێککەوتنێکەوە کە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر شنگال کردوویەتی، دەیەوێت هێزەکانی یەپەشە لەوێ نەمێنن و سوپای عێراق و پیشمەرگە ناوچەکە بگرنە دەست.

لەم نێوەندەشدا خەڵکی شنگال و دەوروبەری کە لە مێژودا هەشتا و سێیەمین جارە جینۆساید دەکرێن، و خۆیان بە فەرمان ناوی دەبەن، قوربانیی یەکەمی ئەو ململانییانەن و کەوتوونەتە نێوان بەرداشی هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەوە.


بەپەلە