داهاتى شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵى گومرگ‌و باج له‌هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

06/08/2022‌ 5509 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هەرێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات، هەنگاوی گەورەی لەبواری کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ ناوه‌و له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاشكرایده‌كات، ته‌نها داھاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵى گومرگ 848 ملیار دینار بووەو زیاتر له‌418 ملیاریش له‌وه‌رگرتنى باج كۆكراوه‌ته‌وه‌.


ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریی باس له‌وه‌ده‌كات، چاکسازییەکان کاریگەری زۆری لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان‌و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بەتایبەت لەبواری باج‌و گومرگ‌و لەئێستاشدا داهاتی باج‌و گومرگ بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بەبێئەوەی هیچ بڕێک لەوەرگرتنی باج زیادکرابێت.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ئاشكراكراوه‌، بەپێی داتاکان لەوەزارەتی دارایی داهاتی گومرگ چەند بەرامبەر زیادیکردووە به‌شێوه‌یه‌ك  لەساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 ترلیۆن دینار بووە، لەساڵی 2017 بووە بە0.746 ترلیۆن‌و لە2018 زیادیکردووە بۆ 0.956 ترلیۆن‌و لەساڵی 2019ش بڕەکە بۆته‌ 1.566 ترلیۆن دینارو لە2020 بڕەکە زیادیكردووه‌ بۆ 1.408 ترلیۆن، هه‌روه‌ها لەساڵی 2021یش بۆ 1.691 ترلیۆن، لەشەش مانگی یەکەمی ئه‌مساڵیش داهاتی گومرگی هەرێم 0.848 ترلیۆن دینار بووە، واته‌ 848 ملیار دینار".

له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى زیادبونى داهاتى گومرگیش له‌هه‌رێم فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریی له‌زارى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ ئاشكرایكردووه‌، "ئازادکردنی کاری بازرگانی‌و ترانزێت، نەهێشتنی قۆرخکاری، بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی گومرگ لەدەروازەو فڕۆکەخانەکان، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ، له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانن".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئامارێكى وه‌زاره‌تى دارایی ئاشكراكراوه‌ كه‌ لەساڵی 2016دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بووە، لەساڵی 2017دا ئەو بڕە بۆ 206.6 ملیار دینارو لەساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینارو لەساڵی 2019شدا بۆ 627.4 ملیار دینار زیادیکردووە، بەڵام لەساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوه‌ بڕەکەی بۆ  578 ملیار دینار کەمبۆتەوەو ساڵى ڕابردوش داهاته‌كه‌ زیادیكردۆته‌وه‌ بۆ 796.2 ملیار دینار.

له‌باره‌ى ئه‌مساڵیشه‌وه‌ ئاشكركراوه‌ كه‌ تەنها لەشەش مانگی یەکەمی ئه‌مساڵى 2022دا 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لەهەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وەزارەتی دارایی زیادبوونی داهاتی باجى بۆ هۆکاره‌كانى (هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان، میکانیزمی نوێ بۆ ڕێگریکردن لەپێدانی باج، دەرکردنی ڕێنمایی‌و دیاریکردنی سزاو جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی) گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

ش.هـ