پلانێکى مەترسیدار لەسەر خانەقین ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

28/08/2022‌ 374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتى کوردستان لە قەزای خانەقین ئاشکرایکرد، پرۆسەی تەعریب بە چڕی بەڕێوەدەچێت و رۆژانە ھەتا ٣٠٠ خێزانی عەرەبی ھاوردە لە دەرەوە دێنە خانەقین بۆ نیشتەجێبوون و دادگاو حکوومەتی بەغداش پشتگیریان دەکات.

 جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەى راگەیاند: "لە ئێستادا پرۆسەی تەعریب بەشێوەیەک چڕ بەڕێوەدەچێت و رۆژانە ٢٠٠ ھەتا ٣٠٠ خێزانی عەرەبی شۆڤێنی لە دەرەوەی خانەقین دێنە سنووری قەزای خانەقین و نیشتەجێ دەبن، بێگومان ھاتنی بەلێشاو عەرەبی ھاوردە بە پیلانە و دادگایەکیان داناوە ھاوکار و پاڵپشتی عەرەبی ھاوردەیە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، زۆربەی گوندە کوردنشینەکان دەوروبەری خانەقین چۆڵکراون و رەوشەکە بەردەوامبێت خانەقین کوردی تێدا نامێنێ کەسیش بەھاواری ئێمەوە نایەت، ھەرچەندە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردۆتەوە و لە بەغداش تەنیا شاخەوان عەبدوڵڵاوەڵامى داوەتەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا ڕوونیشیکردەوە، پێویستە کورد رێگری لەو تەعریبەی خانەقین بکات، چونکە ئەو حزبانەی ئێستا لە خانەقینن ھیچ دەسەڵاتیان نیە و ئەوانیش وەک پارتی لە دەرەوەی خانەقینین، تەعریب گەیشتۆتە ئاستێک ٢٤ قوتابخانەی کوردی داخراون و خەریکە خوێندنی کوردی بەرەو نەمان بچێ.

س.هـ