خواردنەوە گەرمەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی قوڕگ زیاد دەکەن

تەندروستی

30/08/2022‌ 294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی دەڵێت خواردنەوە گەرمەکان مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ چەند ئەوەندە بەرزدەکەنەوە.

ئەو لێکۆڵینەوەیە کە توێژەرانی زانکۆی کامبریج کردوویانە و ئەنجامەکانی لە گۆڤاری "کلینیک ناتریشن"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: ئەوکەسانەی زیاتر حەزیان لە خواردنەوەی نیمچە گەرمەکانە، ئەوە 2.7 ئەوەندەی کەسانی تر مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگیان هەیە، لەکاتێکدا ئەوانەی خواردنەوە زۆر گەرمەکان دەخۆنەوە، مەترسییەکە 5.5 ئەوەندە بەرزدەبێتەوە.

تیمی توێژینەوەکە داتایان لەسەر بڕی ئەو خواردنەوە گەرمە کۆنەکردۆتەوە کە دەبێت کەسەکە بیخواتەوە، لەبەرئەوە ناتوانرێت ئەوە دیاریی بکرێت کە ئایا قەبارەی خواردنەوە گەرمەکە پەیوەستە بە زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکە یان نا.

توێژەران باسیان لەوەکردووە کە گونجاوترین شیکردنەوە بۆ هۆکاری مەترسیی خواردنەوە گەرمەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی قورگ بریتییە لەوەی کە خواردنەوەی گەرم زیان بە قورگ دەگەیەنێت، بەوەش مەترسیی درووستبوونی خانەی شێرپەنجەیی زیاد دەکات.

لای خۆیەوە، یەکێک لە بەشدارانی لێکۆڵینەوەکە وتویەتی: پێدەچێت "پێکرانی گەرمیی" لۆژیکیترین گریمانە بێت بۆ هۆکاری مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، هەربۆیە بابەتەکە پەیوەست نییە بە خواردنەوەی چا یان قاوەوە.

هەروەک وتویەتی: دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی قاوەی زۆر گەرم درووستترین ڕێگایە، ئەگەر هات و هەستت کرد زیان بە قوڕگت دەکەوێت، ئەوە دەبێت لەوە بەئاگا بیت و لێی دووربکەویتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی