تەمەنى پەرلەمانی کوردستان ناکۆکی دەخاتەوە ناو لایەنە سیاسییەکان

کوردستان

06/09/2022‌ 994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی وەک وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد، بەڵام ماوەکە کەمی ماوە و هیچ ئامادەکارییەکیش بۆ پرۆسەکە نەکراوە.

 ئەگەرچی لە دوای بریارەکەی سەرۆکی هەرێمەوە چەندین کۆبونەوە لە نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەماندا کران، بەڵام ناکۆکی هێزە سیاسییەکان ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر کۆبونەوەکان دروست کرد و نەتوانرا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان فراکسیۆنەکاندا لە بارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە بکرێت.

هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە دیاریکراوە ناکرێت و تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند عەیبەیەکی گەورەیە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان بە بێ جیاوازی کە لەو ماوەیەدا نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتن.

تا دێت تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت و تەنیا دوو مانگی ماوە و، لەو وادەیە بە دواوە پەرلەمان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، یاخود دەبێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.

هاوکات ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەستن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە پەکیان کەوتووە و دەبێت پەرلەمان و لایەنەکان کۆمەڵێک ڕێکار بگرنەبەر، کە بۆ زۆرێکیان کات نەماوە و فریای ئەوە ناکەون لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.

لە ڕوکەشدا تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکان بە بێ جیاوازی داوای بەڕیوەچوونی هەلبژاردن لە وادی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن، بەڵام کە دێتە سەر وردەکاری شێواز و میکانیزمی ئەنجامدانی پرۆسەکە، ناکۆکی قوڵ و زۆریان لەگەڵ یەکتر هەیە.

کەواتە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن لە هەرێم چین؟

کۆمسیۆنی هەلبژاردنەکانی هەرێم کە لایەنی یەکەم و پەیوەندیدارە بە پرۆسەکەوە، لە مانگی ١٢ی سالی ٢٠١٩ەوە وادەی بەسەرچووە و سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک بە فەرمی داوای کردووە نوێ بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نوێ نەکراوەتەوە، ئەوەش خاڵێکی ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانە و نەیانتوانیوە لەسەر کاراکردنەوەی ڕێکبکەون.

پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ جارێکیتر پشکی لایەنەکان لە کۆمسیۆنەکە دیاری بکرێت و لایەنەکانی تریش ئەوە ڕەت دەکەنەوە پێیانوایە ئەوە دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی کۆمسیۆنەکە لە لایەن پارتییەوە، بۆیە داوایان کردووە بە هەمان پشک و بەرکەوتەوە کۆمسیۆنەکە کارا بکرێتەوە، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا کارا نەکراوەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، هەمواری یاسای هەڵبژاردن ناکۆکییەکی تری نێوان لایەنەکانە و، بازنەکانی هەڵبژاردن و دەنگدانی تایبەت و کورسی پێکهاتەکان گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنەکانە، کە سەرەڕای چەندین کۆبونەوە نەیانتوانی لەسەری ڕێکبکەون.

پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە دەبێت هەرێمی کوردستان بە یەک بازنەی هەڵبژاردن هەژمار بکرێت یاخود نیوەی بە یەک بازنە و نیوەکەی تریشی بە فرە بازنەیی بێت بە دەستەواژە بیرکارییە سیاسیەکەی واتە بکرێتە ٥٠ بە ٥٠، یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکانی تریش پیشنیازەکەی پارتیان ڕەتکردەوە و دەیانەوێت لە هەمواری یاساکەدا تەواوی پرۆسەکە بکرێتە فرە بازنەیی.

ئەمە بێجگە لە پرسی کورسی پێکهاتەکان کە بەشێک لە لایەنەکان داوای مانەوەی کورسییەکان وەک ئەوەی کە لە ڕابردودا هەبووە دەکەن، بەشێکی تریشیان داوا دەکەن کورسییەکانیان دابەش بکرێت بەسەر بازنەکانی هەلبژاردندا.

پێداچونەوە و پاککردنەوەی لیستی ناوی دەگدەرانیش خالێکی تری ناکۆکیی نێوان لایەنەکانە و تاوەکو ئێستا لەسەری ڕێکنەکەوتوون، چونکە لە زۆرینەی هەلبژاردنەکانی پیشتریشدا لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی یەکتر بە ئەنجامدانی ساختەکاریی لە لیستەکەدا تۆمەتبار دەکەن.سەرچاوەیەکی باڵای مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بە شارپرێسی وت هەرگیز یەکێتی رازی نابێت بە بێ پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران و چارەسەری پرسی کۆتاکان هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

لە ئێستاشدا باس لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ یاخود ساڵێک، چونکە لە ئێستادا کە سەرەتای وەرزی پایزەی دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانە لەو سێ مانگەی کە لە تەمەنی خۆی ماویەتی مانگێکی دەکەوێتە دوای تەواوبونی تەمەنی یاسایی خۆی و بە خولی درێژکراور بۆی هەژماردەکرێت. لە ئەگەرێکی لەو شێوەیەشدا ئایا لەو ماوەیەی کە درێژ دەکرێتەوە، دەتوانرێت ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەیە چارەسەر بکرێن؟

لە نوێترین لێدوانیشیدا دکتۆر ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە سلێمانی ڕایگەیاند، هەموو کەسێکی ژیر دەزانێت کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ناکرێت، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ڕێکنەکەتن و مەودای دوری نێوان لایەنەکان لە بارەی هەڵبژاردنەوە.

ناشزانرێت لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە بۆ تەمەنی پەرلەمانی ئێستا درێژ دەکرێتەوە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان چی لێدێت و بە کوێ دەگات.

بەپەلە