یەکشەممە کەی دێت؟ کەی سیاسییە قۆڵبڕو گیرفان پڕەکانی نیشتمان دەسەڵاتیان نامێنێت؟

هەمەڕەنگ

07/09/2022‌ 2414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکشەممە کەی دێت؟ ئەم پرسیارە ناونیشتنى چیرۆکێکی سەرنج راکێشە کە پاڵەوانەکەى نەخۆشێکەو وەڵامی پزیشکەکەی دەداتەوە کە فەلسەفەیەکى قوڵی واتاداری تێدایەو پێناسەیەکى وردی سیستەمە سیاسییەکان دەکات.

 نەخۆشێک چوە لای دکتۆرێک بە مەبەستی چارەسەر، گوایە نەخۆشەکە توشی ئاڵۆزی دورونی بوەتەوە و لە ناو خەڵکدا بە شێت ناوبانگی دەرکردوە، دکتۆرەکە لێی پرسی...
دەتوانی پێم بڵێیت ئەمڕۆ چ ڕۆژێکی ھەفتەیە
ئەویش وتی ئەمرۆ شەممەیە قوربان
دکتۆرەکە لێی پرسی ئەی بەیانی دەبێتە چ ڕۆژێک...
وتی قوربان بەیانیش هەر شەممەیە..... نەخۆشەکە
دکتۆرەکە وتی کوڕی باش ئەگەر ئەمڕۆ شەممە بێت وبەیانی شەممە بێت یەک شەممە کەی دێت....
نەخۆشەکە بە پێکەنینێکەوە وتی قوربان یەکشەممە ئەو کاتە دێت کە بینیمان ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ دوێنی ، کە بینیمان دادپەروەری ئەمرۆ زۆر باشترە لەدوێنێ ، کە بینیمان زوڵمی ئەمرۆ لە زوڵمی دوێنێ کەمترە ، کە بینیمان ووڵات فرۆشانی دوێنێ ئەمرۆ پەشیمانن ، کە بینیمان بەرپرسانی گەندەڵی دوێنێ ئەمرۆ لە زیندانن ئەو رۆژە یەکشەممەیە...

جەنابی دکتۆر یەکشەممە ئەو کاتە دێت کە بینیمان سەرکردە درۆزنەکانی دوێنێ، ئەمرۆ سەرگەردانن و کەس گرنگییان پێنادات یان لەبەردەم دادوەردا دەستەوەستانن، کە بینیمان مافیاکانی دوێنێ، ئەمرۆ وانەی نیشتمان پەروەری دەخوێنن !کە بینیمان سیاسیە قۆڵبڕ و گیرفان پرەکانی نیشتمان دەسەڵاتیان نەماوە. ئەو کاتە یەک شەممە دێت قوربان...

دکتۆرەکە وتی فەلسەفەیەکی تەواو جوانە ، بەڵام دەکرێ بزانم بۆ لێرەیت وچیرۆکی تۆ چیە ؟
نەخۆشەکە وتی دکتۆر من چاوەرێی ھاتنی ڕۆژی یەک شەممە دەکەم و پێم دەڵێن شێت...

دکتۆرەکەش وتی ئەگەر شێتی تۆ لەبەر ئەوە بێت، تۆ تەنھا نیت ئێمە ھەموومان شێتین و لە چاوەروانیی هاتنی ڕۆژی یەکشەممەدا لە رۆژی شەممەدا چەقیوین و یەکشەممەش هەر نایەت...
ڕاست بڵێ تۆش چاوەرێی هاتنی ڕۆژی یەکشەممەیت؟