شارپرێس:
فەرماندەیی هێزەکانى یەبەشە ڕایگەیاند، لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا، كە لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تورکیاوە ئەنجامدرا و ئۆتۆمبێلێكمان كرایە ئامانج، هیچ زیانێك بە هێزەكانمان نەگەیشتووە، بەڵام دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت: "دوو چەكداری پەكەكە" گیانیان لەدەستداوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، ئۆتۆمبێلێكی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال – یەبەشەی كردە ئامانج و لەوبارەشەوە یەبەشە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانیەدا، زیان بە هەڤاڵانیان نەگەیشتووە.
یەبەشە جارێكی تر بەڵێنی پاراستن و تۆڵە لە كەسایەتی هەموو شەهیدەكانیان و شەهیدانی كۆمەڵكوژیەكانیان دووبارە دەكاتەوە و دەڵێت: ئێمە تا دوا ساتی ژیانمان بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێكی داگیركاری دەبینەوە و خەباتەكەمان گەورەتر دەكەین.
هەر لەبارەى ئەو هێرشەوە دژتیرۆری كوردستان(پارتی) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا دوو "چەکداری پەکەکە کوژراون" و چەکدارێکی دیکەش بەسەختی بریندارە.
ئەمڕۆ یەک شەممە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال – یەبەشەیان لە بەردەم بارەگایەكی سوپای عێراق لە گوندی بەحرەبای سەر بە خانەسوریان لە شەنگال كردە ئامانج.
س.س
