بزانە رۆژانە 4 هەزار هەنگاو رۆیشتن بەپێ چی کاریگەرییەکی لەسەر تەندرووستیی هەیە؟

هەمەڕەنگ

19/09/2022‌ 303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەوەی ئاشکراکردووە کە رۆژانە 4 هەزار پێ بەپێ رۆیشتن ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان بەڕێژەی لەسەدا 25 کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر ژمارەی ئەو هەنگاوانە بۆ 10 هەزار هەنگاو بەرزبکرێتەوە، ئەوە مەترسییەکە بۆ نیوە کەمدەکاتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی رۆچێستەرەوە ئەنجامدراوە، بۆئەوەش داتای بایۆبانکی بەریتانیی بەکارهێناوە کە تۆماری 78 هەزار و 430 کەسی لەخۆگرتووە، کە لەسەدا 44.7 یان لە ڕەگەزی نێر و لەسەدا 55.3 یان لە ڕەگەزی مێ بوون، تێکڕای تەمەنیان 61.1 ساڵ بووە، کە هەموویان تەندروستیان باش بووە.
توێژەران بۆ ماوەی 7 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ داتاکانی بەشداربووان کردووە، هەروەک ئەو ئەنجامانەی کە لەلایەن  پێگەی"میدیکاڵ نیوز تودەی"ەوە بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە تاوەکو جوڵەی جەستەیی زیاتر بێت و ببێتە بەشێک لە رۆتینی رۆژانە، وەک ئەوەی رۆژانە چەند هەزار هەنگاوێک بڕوات، ئەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە و تێکچوونی بیرەوەریی لەگەڵ تەمەنداچووندا کەم دەبێتەوە .
لای خۆیەوە کۆمەڵەی زەهایمەری ئەمەریکی پێشوازیی لە ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە کردووە و جەختی کردۆتەوە کە جوڵەی جەستەیی رەگەزێکی گرنگە لەچوارچێوەی ستایلی دروستیی ژیان، بەشێوەیەک لێکۆڵینەوەکانی پێشووتریش ئەوەیان پشتراستکردۆتەوە کە جەڵەی جەستەیی ڕێگریی لەتووشبوون بە خەڵەفان دەکات.
بەلای پزیشکانەوە ستایلی دروستیی ژیانیش بۆ ڕێگریی لە خەڵەفان بریتییە لە خواردنی خۆراکی تەندرووست، بەدەستهێنانی خەوی پێویست، کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن و چالاککردنی بەردەوامی مێشک.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی