په‌رله‌مانتارێك هێرشده‌كاته‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن‌و بەشه‌ڕخواز تۆمه‌تباریان ده‌كات

کوردستان

05/10/2022‌ 6478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی سەر بەپارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیای تۆمەتبارکردوە بەوەی پشتیوانی سیاسەتە شەڕخوازییەکانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لەدەرەوەی تورکیادا دەکەن.


جارۆ بایڵان پەرلەمانتاری هەدەپە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، "پارتەکەمان لەسەر دوو خاڵ لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا هاوهەڵوێستە، کە ئەوانیش بریتین لەدژایەتییکردنی ڕژێمی تاکەکەسیی، دوەمیش ڕەتکردنەوەی پێدانی داهاتەکانی دەوڵەت بەلایەنگرانی پارتی دەسەڵاتدار".

بایڵان ده‌ڵێت:"لەهەمانکاتدا لەپرسێکی تردا بەشێوەیەکی تەواوەتیی لەگەڵ ئەو پارتانە ناکۆکن، کە ئەویش بریتییە لەپشتیوانیکردنی سیاسەتە شەڕخوازییەکانی ئاکەپە لەدەرەوە، بەوپێیەی حکومەتی تورکیا ئێستا لەگەڵ یۆنان لەناکۆکیدایەو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەڵێن پشتیوانی حکومەتین، کاتێکیش ئەرمینیاو ئازەربایجان ململانێیانە، دەڵێن لەگەڵ ئازەربایجانداین".

ئەو پەڕلەمانتارەی هەدەپە زیاتر وتى:"پارتە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا پشتیوانیی ئاشتیی ناکەن‌و بەدەم سیاسەتە شەڕخوازییەکانی حکومەتەوەن".

به‌وته‌ى بایڵان، "ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەمان هەڵوێستیان هەیە، کاتێکیش پڕۆسەیەکی سەربازیی دژ بەسوریا یان عێراق ئەنجامدەدرێت، هەمویان بەیەک ڕیز پشتیوانی حکومەت دەکەن‌و دەڵێن "ئێمەش لەگەڵتانین".