گەڕێکی نوێی ململانێكانى پارتی‌و یەکێتی ده‌ستپێده‌كات

ڕاپۆرت

15/10/2022‌ 3104 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای زیاتر لەیەک ساڵ دەستبادان‌و ململانێی توندو شەڕی میدیایی، لەپاش چەندین کۆبونەوەی ئاشکراو نهێنی، سەرەنجام ڕۆژی پێنجشەممە د.لەتیف بوە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، پارتی هەرزوو پشتیوانی خۆی بۆ لەتیف ڕەشید ڕاگەیاندو وەک کاندیدی دڵخوازی خۆی ناساندی‌و کاندیدەکەی خۆی کشاندەوە لەبەرژەوەندی ناوبراو، یەکێتیش ئەگەرچی تادواسات بانگەشەی ئەوەی دەکرد کاندیدی فەرمی حزبەکە بۆ پۆستەکە د.بەرهەم ساڵحە، بەڵام هەر لەگەڵ یەکەم ساتی دەرکەوتنی ئەنجامەکان، یاریەکە پێچەوانە بوەوەو یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەب سیاسی‌و سەرکردایەتی‌و سەرۆکیش ئەوه‌یان ئاشکراکرد، د.لەتیف ڕەشیدیش کاندیدی حزبەکە بوەو خۆیان بەبراوە ناساند لەهەڵبژاردنەکەدا، سەرۆکی یەکێتی بەئاشکرا ئەوەی ڕاگەیاند، ئەوان پارتییان شکاندوەو لەداهاتوش هەوڵی تەواو دەدەن پارتی بشکێنن.


ئەگەرچی لەپرسی سەرۆکایەتی کۆماردا پارتی‌و یەکێتی تاسەر ئێسقان بەرامبەر یەک ناکۆکبون‌و سەرەنجامیش ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردراوەو وەک دەبینرێت سەرۆک کۆماری نوێ بەدڵی هەردوکییانەو هەردوکیان بەچەپکە گوڵی خۆیانی دەزانن لەسەرۆکایەتی کۆمار، لەپاڵ ئەوەشدا باس لەهەبونی ڕێککەوتنێکی ژێر بەژێری تاڵەبانی‌و بارزانی دەکرێت لەسەر پۆستەکە، بەڵام لەپاڵ ئەوەوە بابەتگەلێکی تر هەن کە درێژە بەململانێی نێوان هەردوو حزب دەدەن‌و ڕەنگە چەند مانگی داهاتوش دیسانەوە بینەری گەرێکی نوێی ململانێی توندی هەردوو حزب بین لەسەر پۆستەکانی بەغداد.

بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەتەوەی کورد شایستەی چوار وەزارەت‌و ژمارەیەکی زۆر لەپۆستی باڵایە لەبریکاری وەزیرو بەرێوەبەری گشتی‌و بەرێوەبەری دیوان‌و ئەمیندارێتی‌و پۆستە باڵاکانی تر، ئەگەرچی لەم کابینەیەدا بەهۆی لاوازی هێزە کوردیەکان‌و پەرتەوازەیی گوتاریی کورییەوە کورد توانیویەتی سێ وەزارەت لەبری چوار وەزارەت بەدەستبهێنێت، بەڵام باس لەوەدەکرێت هەوڵەکان چڕبونەتەوە بۆ ئەوەی لەکابینەی داهاتودا چوار وەزارەت بدرێتە هێزە کوردیەکان لەگەڵ پۆستە باڵاکانی تردا.

دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی بەرکەوتەی کورد لەبەغدا لەدوای ساڵی 2003وه‌ بەبەشبەشێنەو دابەشکاریی حزبی بوەو هیچ کات کەسانی تەکنۆکرات‌و دور لەحزبەکان نەیانتوانیوە پۆستەکان بەدەستبهێنن، بۆ ئەمجاریش بەهەمانشێوە حزبەکان گەرەکیانە هەرکەسەو پشکی زیاتر بۆ خۆی بەدەستبهێنێت.

بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس یەکێتی‌و پارتی لەسەر ئاستی باڵا ئامادەکاری تەواویان کردوە بۆ ئەوەی لەدانوستەکانەکانی پێکهێنانی کابینەی وەزاریدا زۆرترین پشک بۆ حزبەکانیان بپچڕن‌و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی باڵای سیاسییان دروستکردوە.

چەند ڕۆژێک پێش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار شارپرێس زانیاری ئەوەی بڵاوکردەوە لەدیدارێکی نێوان ئەیاد عەلاوی‌و بارزانیدا، بارزانی بەڕاشکاوی ئەوەی ئاشکراکردوە کە ئامادەیە تەواوی وەزارەتەکان بداتە یەکێتی لەبەرامبەردا سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت، یەکێتیش ئەوەی ڕەتکردەوەو لەئەنجامدا کاندیدی دڵخوازی هەردولا بوە سەرۆک کۆمار، بەوپێیەبێت کە یەکێتی ێشنیازەکەی ڕەتکردۆتەوە، واتە بارزانی‌و پارتی هەموو هەوڵیان دەخەنەگەڕ بۆ وەرگرتنی زۆرترین پشکی پۆستە کوردیەکان بەوپێیەی زۆرینەی نێو فراکسیۆنە کوردیەکانن.

لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ڕاستەوخۆ لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو لەتۆمارێکی دەنگی دزەپێکراودا ئەوەی ئاشکراکرد، لەمەودوا زیاتر ڕوو لەبەغدا دەکەن‌و مەکتەب سیاسی حزبەکەیان لەبەغدا دەکەنەوەو خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دۆسیەی بەغدا دەکات، تاڵەبانی بەڕونی ئەوەی ڕاگەیاند، ئەوان خۆیان بۆ گەڕێکی نوێی ململانێی‌و دەستشکاندنەوە لەگەڵ پارتی ئامادەدەکەن‌و دەیانەوێت ئەو شکستەی کە ڕوبەڕوی پارتیان کردۆتەوە دوبارەی بکەنەوە کە تاڵەبانی پێیوایە لەبابەتی سەرۆک کۆماردا حزبەکەی توانیویەتی پارتی بشکێنێت‌و ئیرادەی خۆی سەربخات.

ئەگەرچی پارتی لەبەردەم بەستنی کۆنگرەی چواردەی خۆیدایەو بەپێی زانیاریەکان لەهەفتەی یەکەمی مانگی داهاتودا کۆنگرەی حزبەکە ئەنجامدەدرێت، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێت خۆی بۆ گەڕێكی نوێی ململانێکان ئامادەبکات لەگەڵ تاڵەبانی‌و یەکێتی‌و لەسەر دابەشکاریی پۆستەکانی بەغدا گێمێکی تری یارییەکەیان دەستپێبکات کە ڕەنگە هیچی لەگێمی یەکەمی تایبەت بەپۆستی سەرۆکایەتی کۆمار کەمتر نەبێت.