ئەمریکا ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له‌كوردستان ئاشكراده‌كات

کوردستان

13/11/2022‌ 9780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى ئه‌مریكى ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەپلانێکی نوێی سەربازی ئەمریکا لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕێکخراوی (داعش) بڵاوکردۆتەوەکە تێیدا باسی لەوەکردوە، بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە داعش گرتوخانەکانی تایبەت بەزیندانیکردنی چەکدارەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان وەک ڕێگه‌یەک بۆ دوبارە خۆڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی دەبینێت.


ڕۆژنامەی (پۆلیتیکۆ)ی ئەمریکی لەڕاپۆرتەکەیدا کە پشتی بەبەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بەستوە بێئەوەی ئاماژە بەناوی سەرچاوەکە بکات ئاشکرایکردوە، لەگەڵ ئەوەی داعش بەکرداری هیچ خاکێکی لەسوریا لەژێردەستدا نییە، بەڵام هێشتا ئەو ڕێکخراوە توانای دوبارە خۆبونیادنانەوەو ڕێخستنەوەی ڕیزەکانی هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) هەوڵدەدات دەسەڵات‌و بودجە لە(کۆنگرێسی ئەمریکا وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی کارەکانی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا بەشێک لەپلانەکەیان بەدروستکردنی تاوەری پاسەوانی‌و دانانی گڵۆپ جێبەجێکردوە بۆ ڕێگریکردن له‌دەربازبوونی چەکدارانی داعش لەناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیاندا".

ئەوەش هاتوە، "پنتاگۆن دەیەوێت گرتوخانەی نوێ بۆ جێگرەوەی گرتوخانەکانی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان دروستبکات کە ئەمین ترو مرۆڤانەتربن‌و بتوانرێت خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان پێ بگەیەنرێت".

باسی لەوەشکردوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات ڕادەی سودی دروستکردنی گرتوخانەی نوێ بزانێت، کە ئەو پڕۆسەیەش ماوەی چەند ساڵێک دەخایەنێت.

پۆلۆتیکۆ دەڵێت، "ئامانجی پڕۆسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بریتییە لەچارەسەری درێژخایەنی کێشەی چەکدارانی پێشوی ئەو ڕێکخراوەیە  لەزیندانەکانی "ئیدارەی خۆسەر" لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوەکانە بۆ وڵاتانی ڕەسەنی خۆیان".

ئەوەش هاتوە، باشترکردنی ناوەندەکانی هێشتنەوەی ڕاگیراوان لەئێستادا باشترین چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان به‌داعش‌و دورخستنەوەی ئەگەری دوبارەبونەوەی ڕوداوەکانی گرتوخانەی غوێران کە ساڵی ڕابردوو لەشاری حەسەکە ڕویدا.

بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە، ئەگەر هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارەکانی داعش لەکه‌مپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە بەردەوامبێت، ئەوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆماوەی 10 ساڵ یان زیاتریش لەسوریا دەمێنێتەوە.

جەختیشیکردۆتەوە، هەر بەرەوپێشچونێک لەبواری بەرەنگاربونەوەی داعش لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەسوریا بەدەستی بهێنن، ئەوە بەهەر پڕۆسەیەکی سەربازیی فراوانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کورستان لەباردەچێت.