شارپرێس:
سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سوید داوادەکات لەبابەتی ڕادەستکردنی داواکراواندا وڵاتەکەی سازش بۆ تورکیا نەکات.
سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سوید (Journalistförbundet) داوای لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کردوە لەبابەتی بەئەندامبون لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) سازش بۆ تورکیا نەکاتو ئەو ڕۆژنامەنوسو چالاکە ئۆپۆزیسیۆنانە ڕادەستی ئەنکەرە نەکاتهوه کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لەچوارچێوەی مەرجەکانیان بۆ بەئەندامبونی سوید داوایاندەکەنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی Expressenی سویدی لەڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستۆتەسەر ئەو ڕۆژنامەنوسانەی تورکیا کە لەو وڵاتە نیشتەجێنو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەیەوێت داواکاریی سوید بۆ بون بەئەندام لەناتۆ بۆ ڕادەستکردنیان بقۆزێتەوە، هەربۆیە ڕۆژنامەکە داوایکردوە سوید پارێزگاریی تەواو بۆ ئەوکەسانە دابین بکات.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ڕۆژنامەنوسانی تورکیا ئەوانەی نیشتەجێی سویدن، هەمیشە مەترسییان لەسەربوە، بەڵام لەگەڵ داواکاریى وڵاتەکەیان بۆ بەئەندامبون لەناتۆ فشارەکانی بۆسەر ئەو ڕۆژنامەنوسانە زیاترکردوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، دەبێت حکومەتی سوید واز لەوە بهێنێت کە واپیشانی بدات داواکارییەکانی تورکیا لەدانوستانەکاندا بۆ ڕادەستکردنی داواکراوان پشتی بەبنەما دیموکراتییەکان بەستوە، بەڵکو دەبێت دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕۆژنامەنوسو چالاکان لەتەنگپێهەڵچنینەکانی ئەردۆغان بپارێزێتو لەدانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەشێوەیەک کار لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بکات کە شیاوبێت بەدیموکراتییەتی وڵاتەکەیان.