14 ڕۆژ پێش ئێستا توركیا چى به‌ئه‌مریكا وت؟

کوردستان

22/11/2022‌ 16211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

14 ڕۆژ پێش ئێستا وه‌فدێكى باڵاى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش دواى كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا ڕویان له‌ڕۆژئاواى كوردستان كردو ورده‌كاریی هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مریكایان به‌هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات گه‌یاند، شارپرێس زانیاریی ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


ڕۆژى 8ى ئه‌م مانگه‌ دوو شاندى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا گه‌یشتنه‌ توركیاو چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كى گرنگیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگرى‌و ناوخۆى توركیا ئه‌نجامداو جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ى، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ به‌داگیركاریی نوێ له‌ڕۆژئاواى كوردستان ناده‌ن.

شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ زانیاریی ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه‌، كاتێك دوو شانده‌كه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى، توركیایان به‌جێهێشتوه‌، ڕاسته‌وخۆ چونه‌ته‌ ڕۆژئاواى كوردستان‌و له‌نزیك كۆبانێ كۆبونه‌وه‌یه‌كى گرنگیان له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم كۆبانێ فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌ ئه‌نجامداوه‌.

له‌و زانیاریانه‌ى به‌شارپرێس دراوه‌، شانده‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له‌كۆبونه‌وه‌یان به‌فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌یان وتوه‌، سه‌ربارى ناڕه‌زاییه‌كانیان بۆ توركیا له‌هه‌ر جوڵه‌یه‌كى سه‌ربازیی دژى ڕۆژئاواى كوردستان، به‌ڵام توركیا سوربوه‌ له‌سه‌ر هێرشێكى فراوانى چه‌ند ڕۆژى ئاسمانى.

لاى خۆیشیه‌وه‌ سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەئەمریکا ئاشكرایكردوه‌، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نوسینگەی ئەنجومەنەکەیانی لەواشنتۆن ئاگادارکردۆتەوە کە دژی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازیی ئاسمانی‌و وشکانیی سوپای تورکیان دژ بەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی "هەسەدە" لەڕۆژئاوای کوردستان.

وتوشیه‌تى:"سەرەڕای گوشاری بۆردومانەکانی تورکیاو هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئاستەنگ دروستکردن بۆ کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش، بەڵام ئەمریکا سورە لەسەرئەوەی هێزە سەربازییەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان بهێڵێتەوە.

زانیاریه‌كانى شارپرێس پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى، ئه‌مریكا لەتورکیاوە زانیویەتی کە ئەنکەرە نیازی هەیە هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوان بکاتەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی ڕۆژئاوای کوردستان، "سەرەڕای ناڕەزایەتیی توندی واشنتۆن لەو هەنگاوەی تورکیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سوربون لەسەرئەوەی هێرشە ئاسمانییەکە ئەنجامبدەن".

ده‌شڵێت:"هەریەک لەئەمریکاو ڕوسیا بەڕون‌و ڕاشکاوی بەئەنکەرەیان ڕاگەیاندوە کە دژ بەهەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی تورکیان کە داگیرکردنی ناوچەی نوێی لەباکوری سوریا لێبکەوێتەوە".

ئەوەشی ئاشکراکردوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵێکی دیبلۆماسیی چڕوپڕی دەستپێکردوە بۆئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بوەستێت‌و ئاگری ململانێیەکی نوێی سەربازیی لەناوچەکە دوربخاتەوە.

هەر دوێنێش برێت مه‌كگۆرك ڕێكخه‌ری كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باكوری ئه‌فریقیا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی، ڕه‌وشی سوریای له‌دوای هێرشه‌كانی توركیا به‌“قورس” وه‌سفیكردو داوایكرد تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بوەستێنرێت.‌

مه‌كگۆرك جه‌ختیكرده‌وه‌، له‌سه‌ر پابه‌ندبونی درێژخایه‌نی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ئاسایشی ناوچه‌كه‌ به‌گشتیی.

ش.هـ