مامۆستایان بایكۆتى ده‌وامیان ڕاگه‌یاند

کوردستان

27/11/2022‌ 18250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ڕایده‌گه‌یه‌نن، "چاوەڕوانیمان بۆ ئەوەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بەگفتوگۆو کۆبونەوە چارەسەربکرێت کۆتایی پێهات"، ده‌شڵێن:"ئێمه‌ باجی بێخەمی حوکمەت بۆ کەرتی پەروەردە نادەین‌و چیدی باری گرانی پەروەردە بەشایستەی ناشایستە ڕاناکێشین‌و ئامادەنین پرسیاری وەرزی یەکەم ڕادەستی خوێندنگەکان بکەین".


نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایده‌گه‌یه‌نن، "دوای بێئومێدبونمان لەڕادەستکردنی زیاد لە530 یاداشت بەبەلایەنی پەیوەندیدارو دانیشتن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان‌و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە لەپەرلەمان‌و جەنابی وەزیری پەروەردەو سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە تا ئەم چرکە ساتە هیچ هەواڵێکی کرداریی‌و دڵخۆشکەرمان بۆ مامۆستایانی وانەبێژ نەبیست‌و نەبینی".

جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، "چاوەڕوانیمان بۆ ئەوەی کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بەگفتوگۆو کۆبونەوە چارەسەربکرێت کۆتایی پێهات، بۆیە مامۆستایانی وانەبێژ باجی بێخەمی حوکمەت بۆ کەرتی پەروەردە نادەن‌و چیدی باری گرانی پەروەردە بەشایستەی ناشایستە ڕاناکێشن".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێن:"ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی خۆپیشاندان‌و بایکۆتی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی قەزاکان دەستپێدەکات‌و ڕایدەگەیەنین مامۆستایانی وانەبێژ ئامادەنین پرسیاری وەرزی یەکەم ڕادەستی خوێندنگەکانیان بکەن".

شوێنی بایکۆت‌و خۆپیشاندانی مامۆستایانى وانەبێژان:
سلێمانی: بەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی.
ڕانیە: بەردەم پەروەردەی گشتی ڕاپەڕین.
کەلار: بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان.
پێنجوێن: بەردەم بینای بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن.
کۆیە: بەردەم پەروەردەی کۆیە.
دەربەندیخان: بەردەم پەروەردەی دەربەندیخان.
شارباژێڕ: بەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی.
قەرەداغ: بەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی.
کفری: بەردەم پەروەردەی کفری.

ش.هـ