تەمەنی 100 ساڵە و "لە جیهانی خۆیدا دەژی" دایکی پێلێ نازانێت کوڕەکەی مردووە

وەرزش

02/01/2023‌ 1257 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ماریا لوسیا دو ناسیمنتۆ، خوشکی ئەفسانەی تۆپی پێی بەڕازیلی کۆچکردوو پێلێ ئاشکرایکرد، دایکیان، دۆنا سێلێست کە مانگی ڕابردوو 100هەمین مۆمی تەمەنی کوژاندەوە، هێشتا ئاگاداری هەواڵی مردنی کوڕەکەی نییە، کە لە تەمەنی 82 ساڵیدا دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، ژیان ئاوایی کرد.

"بەتەواوی بێهۆشە"
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (ESPN) ی ئەمریکی، خوشکی کۆچکردوو پێلێ ڕوونیکردەوە، دایکی، بەدەست تێکچوونی باری تەندروستی و دەروونییەوە دەناڵێنێت و نازانێت پێلێ کۆچی دواییکردووە یاخود نا.

ماریا ڕوونیشیکردەوە، "دایکم نازانێت، هەوڵماندا باسی ئەو بابەتەی بۆ بکەین، بەڵام هیچ وەڵامێکی نییە، بەو پێیەی ئێستا ئەو لە جیهانی خۆیدا دەژی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێکجار ناوی "دیکۆ" لەبەر خۆمەوە دووبارە دەکەمەوە کە نازناوی پێلێیە و پێیدەڵێم وەرە با دوعای بۆ بکەین بەیەوکەوە، بەڵام وەڵام ناداتەوە، هەرچەندە ناوبەناو چاوەکانی دەکاتەوە، بەڵام بە تەواوی بێهۆشە.

دایکی پێلێ کە بەڕازیلیەکان بە باشی دەیناسن، چەند هەفتەیەک پێش مردنی کوڕەکەی، پۆستێکی لە ئینستاگرام بە بۆنەی تێپەڕبوونی  100 ساڵەی لەدایکبوونی بڵاوکردەوە.

لەو کاتەدا پێلێ 3 وێنەی لەگەڵ دایکی بڵاوکردەوە، لە کۆمێنتێکدا وتی "ئەمڕۆ یادی 100 ساڵەی لەدایکبوونی دۆنا سێلێست دەکەینەوە، هەر لە ساڵانی سەرەتای تەمەنمەوە فێری بەهاکانی خۆشەویستی و ئارامی کردم، سەدان هۆکارم هەیە کە وای لێکردووم". سوپاسگوزاربم کە کوڕی تۆم."

یەک ماڵئاوایی کۆتایی
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی (ESPN)ی ئەمریکی، ماریا پشتڕاستیکردەوە کە دایکی لە ٢١ی مانگی ڕابردوودا لە تەنیشتی بووە لە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی لە دوایین ڕۆژەکانی بە زیندوویی لەگەڵیدا بێت.

ئاشکراشیکردووە "هەموومان لێرە بووین لە تەنیشتی، دۆخەکە زۆر ئارام بوو، ئەو دەیزانی کە دەڕوات، ئەو پابەند بوو بە سروتە ئاینییەکانەوە و جارێک پێیوتم: من لەنێو دەستی خودا دام، هەستی بە کاتی ڕۆشتنی کردبوو".

پرسەی پێلێ سێشەممەی داهاتوو لەبەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی دایکی دۆنا سێلێست لە شاری سانتۆس بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە رۆژی دووشەممە دوا سەیرکردنی تەرمی پێلێ لە یاریگای سانتۆس بەڕێوەبچێت و کاتژمێر 10ی بەیانی بە کاتی بەڕازیل مەراسیمەکە دەستپێدەکات و دواتر بە خاک دەسپێردرێت.

جێگای سەرنجە کە پێلێ لە ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٦٢ و ١٩٧٠دا ٣ جار لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل مۆندیالی بردووەتەوە و زۆر کەس بە "باشترین یاریزان تا ئێستا" دەیزانن.