شارپرێس
میدیاكانی نزیك لە
پەكەكە دەستگیركردنی "تۆڕێکی سیخوڕی سەر بە میتی توركیایان لەلایەن یەبەشە"وە
ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە كردووە "بەپێی دانپیادانانی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی
سیخوڕی دەستگیركراون، لەلایەن میتی تورك و پارتییەوە، ڕێكخستنیان پێكراوە".
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی
ڤیدیۆی ئۆپراسیۆنەكەدا، میدیاكانی نزیك لە پەكەكە ڕایانگەیاند، "هێزە
ئەمنییەكانی شنگال بە هاوكاری یەكینەكانی تایبەتی یەبەشە (یەكینەكانی بەرخۆدانی
شنگال) ئۆپراسیۆنێكی دەستگیركردنیان لە دژی “سیخوڕەكان” بە ناوی “ئۆپراسیۆنی
تۆڵەسەندنەوە” دەستپێكرد".
وەك لە هەواڵەكەدا
هاتووە: ئەو كەسانەی دەستگیركراون، دەستیان لە هێرشەكانی سەر شنگال و لە ڕشتنی
خوێنی زۆرێك لە كەسایەتی ئێزدیدا هەبووە، دانیان بەوەدا ناوە، كە لە دژی كۆمەڵگەی
ئێزدی تاوانیان ئەنجامداوە و هەندێكیشیان دانیان بەوەدا ناوە لەلایەن میتی تورك و
پارتییەوە، ئەركی سیخوڕیكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی دامەزراوەكانی سەر بە
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال و پێشەنگانی كۆمەڵگەی ئێزدییان پێ سپێردراوە".
بەپێی هەواڵەكە، لە
ئەنجامی ئەو لێپرسینەوانەی، كە لەگەڵ بەشێك "لەو "سیخوڕ"انە كراوە،
هێرشەكان لە دژی هەندێك لە كەسایەتی ئێزدی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال
ڕوونبووەتەوە و ئەنجامی گرنگ لەو لێپرسینەوانە دەستكەوتوون".
لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تا
ئێستا بە دەیان هێرشی ئاسمانی لەلایەن توركیاوە بۆ سەر قەزای شەنگال و
فەرماندەكانی ئەنجام دراوە و چەندین كەس بونەتە قوربانی.
س.س
