كەجەكە داوا دەكات خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە فەرمی بناسرێت

کوردستان

31/01/2023‌ 308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە ڕایگەیاند، بە جینۆساید ناسینی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان گرنگە، بەڵام دەبێت بەكردەوە بكرێت و ببێتە مایەی بە فەرمی ناسینی خۆبەڕێوەبەری و دەشڵێت: دەبێت ئێزدییەكان لە هەموو شوێنێك تێكۆشانێكی زۆر بكەن، بۆ ئەوەی هەمووان دان بە كۆمەڵكوژی و خۆبەڕێوەبەریشدا بنێنن.


بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی میدیا هابەر وتی: بە جینۆساید ناسینی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان گرنگە، بەر لەئێستا ١٢ وڵات جینۆسایدەكەیان بە فەرمی ناسیبوو، لە وڵاتانی ئەوروپا دووڕووییەكی بەم جۆرەیە هەیە، لەلایەكەوە جینۆسایدی ئێزدییەكان بە فەمی دەناسن، هێرشی سەر شنگال وەك هێرشی جینۆساید پەسەند دەكەن و بەفەرمی دەناسێنن، لە دوایین نمونەدا پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی ناسی، بەڵام هیچ شتێك ناكەن.

هەروەها وتیشی: لە حاڵەتی ئاساییدا، ئەگەر وڵاتێك جینۆساید بە فەرمی بناسێت، ئەو كاتە ڕێگریی لە كۆمەڵكوژی دەكات، بۆ ئەوەی نەهێڵێت فەرمان، جینۆساید دووبارە ببنەوە، دەبێت ئیرادە و خۆبەڕێوەبەری ئەو كۆمەڵگایە بە فەرمی بناسێت، دەبێت خۆپاراستنەكەی بە فەرمی بناسێت، چونكە بەم جۆرە ڕێگریی لە فەرمان و لە جینۆساید دەكرێت، ئەگەر خۆبەڕێوەبەری و هێزی خۆپاراستنی ئێزدییەكان، لە شنگال نەبێت، لە داهاتوودا ئەگەری هەیە فەرمان بەسەر ئەواندا جێبەجێ بكرێتەوە، ئەگەری هەیە كۆمەڵكوژ و جارێكیتر جینۆساید بكرێنەوە.

هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە بە هەوڵی ئێزدییەكان وخەڵكی شەنگال كرد بۆ ئەوەی كۆمەڵكوژی بە جینۆساید بناسرێت و وتی: زۆر هەوڵیان دا و تێكۆشان، لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی و كۆمەڵایەتییەوە، تێكۆشانێكی پێداگرانەیان بەڕێوەبرد، وەك ئەنجامێكی ئەو تێكۆشانە ئەو پێناسەكردنە دەستەبەر بوو، ئەمەش هێزێكی گەورە، بوێرییەكی زۆری بە ئێزدییەكان بەخشیوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانن تێكۆشان گەورەتر بكەن و بەهێزتری بكەن، دەتوانن وابكەن دەوڵەتانی دیكەش جینۆسایدەكە بە فەرمی بناسێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن خۆبەڕێوەبەریشیان پێ بەفەرمی بناسێنن، ئەوەی گرنگە قەبوڵكردن و دانپێنانە بەوەدا، دەبێت وابكەن هەموو كەس و جیهان دان بە خۆبەڕێوەبەریدا بنێن.

س.س