لەسەر پرسی ئاوارە و شنگال، حکومەتی هەرێم و ناوەند یەکتریی تۆمەتبار دەکەن

کوردستان

06/04/2023‌ 632 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزیری کۆچبەران دەداتەوە و دەڵێت "ئێمە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان ناکەین، بگرە کۆچی پێچەوانەش بۆ کەمپەکان هەیە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانگەی کۆچ و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی ئیڤان فایق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی دایەوە سەبارەت بە گوایە "ڕێگریکردنی حکومەتی هەرێم لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و هاتنە ناوەوەی گروپی خزمەت و هەوڵی ئەندازیاری بۆ ناو قەزای شنگال".

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی بەشی کۆچ و ئاوارە دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تایبەتدا هەموو ئاسانکاری و ڕێکارە پێویستەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین دەکات".

جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئاوارانەی ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان"، ئاشکراشیکرد "ئەوانەی لە شنگالەوە گەڕاونەتەوە دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکان بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و بوونی هێزی چەکداری نایاسایی کە بەپێی کارنامەیەکی دەرەکی کاردەکەن، جگە لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نەبوونی هەلی کار”.

جێگای سەرنجە، ژمارەی ئاوارەکانی کەمپەکانی دهۆک، ٣٧٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە ١٥ کەمپی سنووری پارێزگاکەدا دەژین، کە زۆربەیان خەڵکی قەزای شنگالن.

ئیڤان فائق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە حکومەتی فیدراڵی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێم پێویستی بە ئیرادەی سیاسی هەیە، هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بەردەوامیی هەبێت.