شارپرێس:
پارێزەری هاوسهرى هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سۆران ئاشكرایدهكات، دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین دواخرا، دهشڵێت، "تۆمەتبار نەخۆشی دەرونی نییە".
برزۆ سەعید ئەو پارێزەرە وتیشی، "لەدانیشتنی دوەمی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی دکتۆر کاوان ئیسماعیلو دکتۆر ئیدریس عیزەت ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە تۆمەتبار نەخۆشی دەرونی نییە".
باسی لەوەشکرد، دادگاییەکە بەشێوەیەکی باش ڕۆیشت، وتەی داواکارانی مافی کەسیی دکتۆرە نیشتیمانو مامۆستا سەوسەن وەرگیراو وتەی شایەتەکانو چەند کۆنوسێک خوێندرانەوە، بەڵام دادگاییکردنەکە دواخراو هێشتا ڕێکەوتی دەستپێکردنەوەی نازانن.
ئەو پارێزەرە هۆکاری دواخستنی دادگاییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پارێزەری تۆمەتبار هەفتەی ڕابردوو داواکارییەکی پێشکەش بەدادگای تاوانی هەولێر کردبوو، بۆئەوەی دوبارە تۆمەتبار بخرێتەوە بەردەم پشکنینی پزیشکی، هەروەها داوای بەردانی تۆمەتباری کرد بەدەستەبەری دارایی (کەفالەت).
ئهوهشى وت، دادگای تاوان داواکەرییەکانی پارێزەری تۆمەتبارەکەی رەتکردۆتەوە، پارێزەرەکەش لەسەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم (تمیز) داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای تاوانی کردووەو ئێستا چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای هەرێمی کوردستان دەکرێت.
رۆژی 28ى 6ى 2022 قوتابیەك لەزانكۆی سۆران كە پێشتر پێشینەی یاسایی لەسەربوە، بەچەکەوە هەڵدەکوتێتەسەر ماڵی دكتۆر (ئیدریس حەمە خان)و چەند گولەیەکی پێوە دەنێتو شەهیدی دەکات، دواتر ڕوو لەكۆلێژی یاسا دەکاتو تەقە لە د.كاوان ئیسماعیل ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین دەکاتو دوای گواستنەوەی بۆ ژوری نەشتەگەری ئەویش گیانی لەدەستدەدات، هاوكات پاسەوانێكی كۆلێژەكەش لەو ڕوداوە برینداربوە.
