بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەردەوامە لە دابەزین، بەهۆی ئەوەی ئاماژەی كەم هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، دوای نزیكەی دوو مانگ لە راوەستانی.
راگرتنی زیاتر لە 59 رۆژەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی زیاتر لە (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلاری لە هەرێمی كوردستان داوە، ئەوەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
راوەستانی هەناردەو روبەری سنورداری ئەمباركردن لە هەرێمی كوردستان، بوەتە هۆی راوەستانی زۆرینەی بەرهەمهێنانی ناوچەكە كە دەگاتە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
هاوکات لە ئێستادا ئەو كێڵگانەی بەردەوامبون لەبەرهەمهێنانی نەوت پەیوەندییان بەهێڵی ئینتەرنێتەوە بچڕاوە، یاخود بە توانایەكی كەم كاردەكەن.
وتەبێژی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرژی وتی: كێڵگەی تەقتەق كە رۆژانە توانای 4500 بەرمیلی هەیە، چیتر بۆ ئەمباركردن نەوت بەرهەم ناهێنێت، هاوکات بەپێی قسەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، كێڵگەی خورمەڵە ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كەمبونەوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە مانگێك لەمەوبەر كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بووەو بەر لە راوەستانی بۆرییەكە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە.
بەرپرسانی عێراق هۆكاری دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكان لە توركیا دەگەڕێننەوە، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز جەخت لەوەدەکاتەوە، دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا ئەوەندەی بووەتە کێشەیەکی سیاسی، ئەوەندە کێشەیەکی هونەریی و تەکنیکی نییە.
