كه‌نداڵ جودى ـ عامودا:
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی جزیرێ داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ده‌كات کۆمەڵکوژی دژ بەئێزدییەکان بەجینۆساید بناسن، ده‌شڵێت، "ئەو هێزانەی بانگەشەی پاراستنی شنگالیان دەکرد، ئێزدییەکانیان بەتەنها جێهێشت بۆ ئه‌وه‌ى جینۆسایدبكرێن".
ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری هەرێمی جزیرێ له‌نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدى كوردانى ئێزدى له‌لایه‌ن داعش له‌شنگال، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەو ڕاگەیه‌نراوه لەشاری عامودە لەڕۆژاڤای کوردستان لەناوەندی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی جزیرێ، بەئامادەبوونی دەیان ئەندامی ئیدارەكه خوێندرایه‌وه.
له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتوه، "ئەمڕۆ نۆیەمین ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەی شنگالە کە داعش بەهاوکاری تورکیا بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئێزدی شنگال ئەنجامیدا، ئەم کۆمەڵکوژییەش بوه 72مین کۆمەڵکوژی دیکە کە لەدژی گەلی ئێزدیی ئاشتیخواز ئەنجامدراون، وەک لەئەنجامی ئەم کۆمەڵکوژییەدا هەزاران ئێزدى شەهیدو بریندار‌و بێسەروشوێنبون‌و به‌شێكیشیان لاشه‌كانیان له‌گۆڕه بەکۆمەڵه‌كاندا دۆزرانەوە".
باس له‌وه‌شكراوه، "به‌داخه‌وه تائێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی لەشنگال ئەنجامدراون بێدەنگن، داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ئەم کۆمەڵکوژییە بەجینۆساید بناسێنن‌و لەهەمانکاتدا هێرشەکانی تورکیا بەفڕۆکەی جەنگی‌و فڕۆکەی بێ فڕۆكه‌وان بۆ سەر شنگال كه بەردەوام بوه‌ستێنن".
هه‌ر له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه، "تورکیا دەیەوێت کۆمەڵکوژییەکانی داعش تەواو بکات لەپێناو شکاندنی ئیرادەی گەلی ئێزدی، بەتایبەتی دوای ڕزگارکردنی شنگال‌و گەلەکەی، هێزی خۆبەڕێوەبەری‌و بەرگری خۆیان دامەزراند بۆ ئەوەی ڕێگری لەدوبارەبونەوەی کۆمەڵکوژیی دیکە بکەن، چونكه ئەو هێزانەی بانگەشەی پاراستنی شنگالیان دەکرد، ئێزدییەکانیان بەتەنها جێهێشت بۆ ئەوەی لەکاتی کۆمەڵکوژیەکەدا ڕوبەڕوی تیرۆری داعش ببنەوە".
هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشراوه كه تورکیا، "له‌پاڵپشتی تیرۆر بەردەوامەو هێرشەکانیشى بۆسەر ناوچەکانی ئێمە لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و سیاسەتی جینۆساید لەناوچە داگیرکراوەکانمان وەک عەفرین، سەرێکانیەو گیرێ سپی هه‌ر به‌رده‌وامه".
له‌كۆتاییدا هاتوه، "ئێمەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی جزیرێ، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەو هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی شنگال لەیادناكه‌ین، جه‌ختیشده‌كه‌ینه‌وه ئەوەی لەشنگال ڕویدا جینۆسایدەو درێژەپێدەری فەرمانەکانی ترە، بۆیە داوا لەکۆمەڵگەی ئێزدی دەکەین کە ڕێکخستنەکەیان‌و سیستمی بەرگریکردن لەخۆیان بەهێزتر بکەن".
