یەكێك لە بەتەمەنترین ژنەكانی جیهان ئاواتی گەڕانەوەیە بۆ شنگال

کوردستان

04/08/2023‌ 752 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕوشێ قاسم حسێن ژنێكی ئێزدییە و لە ساڵی ١٨٨٧ لەدایكبووە، ھەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر ناوچەكە و عێراق و شنگالدا ھاتووە لە سەردەمی عوسمانییەكانەوە تا ئێستای شنگال لە ھزریدا ماوەتەوە. ئەو دەڵێت بێجگە لە داعش دوو فەرمانی دیكەشی دژ بە خۆیان بینیوە، بەڵام كارەساتی شنگال لە سەردەمی داعش بە رووداوێكی ترسناك و گەورە لە قەڵەمدا.

ڕوشێ قاسم تا ئێستاش قژی بە ڕەنگی سروشتی خۆی ماوەتەوە ئەو لە كاتی قژھۆنینەوەیدا بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو دەڵێت، تا ئێستا ھیچ دەرمانێكم بەكار نەھێناوە ھیچ كاتێك قژی خۆم ڕەنگ نەكردووە ھیچ دەرمانێكی جوانكارییەكیم بۆ قژ و دەم و چاوم بەكارنەھێناوە.

رەوشێ رادیۆیەكی ھەیە و ھەر كاتێك بێتاقەت دەبێت گوێ لە رادیۆكەی دەگرێت و دەڵێت، "ئەم رادیۆیە ئارامم دەكەت لەبەر ئەوەی غەریبی خاكی شنگال دەكەم و لەو كەمپە بێزار بوومە و خوزگە دەخوازم شنگال ئارام بێت و ھەموومان پێكەوە بگەڕێینەوە".

ئەو دەشڵێت: "بەیانیان بە پێ بەنێو كەمپی ئاوارەكاندا ھاتوچۆم دەكرد و دراوسێكانم بەسەر دەكردەوە، بەڵام ئێستا ناتوانم و چاوەكانم بیناییان لەدەستداوە".

رەوشێ بەپێی ناسنامەكەی تەمەنی ١٣٦ ساڵە، خەڵكی كۆمەڵگەی دووگرێیە لە قەزای شنگال و لەدوای ھێرشی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ لە كەمپی كەبەرتوو سنووری پارێزگای دهۆك نیشتەجێیە.

ئەو دەڵێت، "پێشتر تەندروستیم باش بوو، بەڵام ئەم چەندساڵەی كەمپ زەحمەتی زۆرمان بینی بەرەبەرە بینایی چاوەكانم لەدەستداوە".