مەترسییەکانی فێربونی جگەرەکێشان پێش تەمەنی 20 ساڵیی

تەندروستی

11/09/2023‌ 433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژەرانی ژاپۆنی داوایان لەحکومەتەکان کردوە کە تەمەنی یاسایی بۆ کڕینی جگەرە بەرزبکەنەوە بۆ 22 ساڵ یان زیاتر، بەتایبەت دوای ئەوەی توێژینەوەکەیان دەریخست کە بۆ وازهێنان لەجگەرەکێشان ئەگەر  کەسەکە پێش تەمەنی 20 ساڵی دەستی بەجگەرەکێشان نەکردبێت، ئەوە ئاڵودەبون پێی کەمتر دەبێت‌و بەئاسانتر دەتوانرێت وازی لێبهێنرێت.

بەگوێره‌ى ئامارەکانی مێدیکاڵ ئێکسپرێس، مەزەندە دەکرێت لەکۆی 10 جگەرەکێش 9 کەسیان لەتەمەنی 18 ساڵیدا هەوڵی جگەرەکێشان بدەن.

توێژینەوە نوێیەکە کە لەسەنتەری پزیشکیی کیۆتۆ ئەنجامدراوە، پەیوەندیی نێوان تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان‌و پشتبەستن بەنیکۆتین‌و وازهێنان لەجگەرەکێشانی تاووتوێکردوە، هاوكات توێژینەوەکە ئەوکەسانەی لەخۆگرتوە کە سەردانی کلینیکەکانی وازهێنان لەجگەرەکێشانیان کردبوو.

ئەو پرسیارنامەیەی کە بەشداربوان وەڵامیاندایەوە، پرسیاری وەک: "تاچەند دوای لەخەو هەڵسان یەکەم جگەرە دەکێشیت؟، یان ئایا بەزەحمەت لەشوێنە قەدەغەکراوەکان خۆت لەجگەرەکێشان بەدوردەگریت؟.

لێکۆڵینەوەکە لەسەر 1382 جگەرەکێش کراوە کە نزیکەی 556 کەسیان پێش تەمەنی 20 ساڵی فیری جگەرەکێشان بون، لەکاتێکدا 826 کەسیان لەتەمەنی 20 ساڵی  یان دواتر فێربون.

ئەنجامەکان دەریانخستوە کە 46%ی ئەوانەی زوو دەستیان بەجگەرەکێشان کردوە سەرکەوتوبون لەوازهێنان لەجگەرەکێشان، لەکاتێکدا ئەوانەی درەنگ دەستیان بەجگەرەکێشان کردوە ڕێژەکە 56% بوە.

ئەوەش هاتوە، ئەوکەسانەی زوو دەستیان بەجگەرەکێشان کردوە باسیان لەوەکردوە کە ڕۆژانە 25 جگەرە دەکێشن، لەکاتێکدا ئەوانەی درەنگ دەستپێدەکەن ڕۆژانە 22 جگەرە دەکێشن، ئەوانەی زوو دەستیان پێکردوە ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لەکۆئەندامی هەناسەدانیان زیاتر بوە لەچاو ئەوانەی درەنگ دەستیان پێکردوە.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە